گرێی ئەدۆنیس چییە؟

رووداو-DPA

كۆمەڵەی پزیشكانی دەروونیی ئەڵمانی دەڵێن، ئەو پیاوانەی زیادەڕەوییەكی زۆر دەكەن لە وەرزشكردندا لەوانەیە تووشی گرێی ئەدۆنیس بووبن، كە نەخۆشییەكی دەروونییە و تیایدا كەسەكە لە دەركەوتەی لەشولاری خۆی رازی نییە، لەگەڵ ئەوەی جەستەیەكی ئاسایی و تەنانەت وەرزشیشی هەیە.

ئەدۆنیس كارەكتەرێكی نێو ئەفسانە یۆنانییەكانە، كە جەستەیەكی نموونەیی هەبووە و خۆیشی تەواو پێی سەرسام بووە.

كۆمەڵەكە دەڵێن كەسی تووشبوو بە گرێی ئەدۆنیس هەمیشە بیری لای ئەوەیە جەستەی بگاتە ئەو ئاستە نموونەییەی كە لە ئەندێشەی خۆیدا وێنەی دەكێشێ، بۆیە زیادەڕەوییەكی بێسنوور لە وەرزشدا دەكات بۆ بونیاتنانی ماسولكەی گەورە، بەجۆرێك كار لە رەوتی ژیانی رۆژانەی دەكات و تووشی گوشارێكی دەروونی زۆریشی دەكات.

كۆمەڵەی پزیشكانی دەروونیی ئەڵمانی رێنمایی هەر كەسێك دەكەن كە تووشی ئەم حاڵەتە دەروونییە بووە، سەردانی پزیشكی پسپۆڕی دەروونیی بكات تاكو لەو گرێیە رزگاری ببێت و ژیانێكی ئاسایی و بێ گوشاری دەروونیی بەڕێبكات.