ترەمپ: بازاڕی بیمەی تەندروستی ئەمریکا هەرەسدەهێنێت

رووداو-هەولێر




سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە بازاڕی بیمەی تەندرووستی وڵاتەکەی و دەڵێت ئەو بازاڕە لەژێر هەڕەشەی مەترسیداری هەرەسهێناندایە.


لەکۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی دڵنیایی لەکۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند بازاڕی بیمەی تەندروستی ئەمریکا بەرەو هەرەسهێنان دەڕوات.

بەشێک لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکان، رایانگەیاند بێ متمانەییەک لەلایەن خەڵکەوە بە یاساکانی بیمەی تەندرووستی هەیە و ئەوەش بۆ نێو بازاڕی بیمە گواستراوەتەوە.

بێئەوەی ترەمپ وردەکاری لەسەر پاکێجی جێگرەوەکەی یاسای تەندرووستی ئۆباما کەیر بدات، داوای لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی دڵنیایی کرد بەهاوکاری حکومەتی ئەمریکا پێکەوە کار بۆ باشترکردنی ئایەندەی بازاڕی بیمەی تەندروستی بکەن.

ئۆباما کەیر یاسایەکی سیستمی تەندروستی ئەمریکییە، لەلایەن ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە مەبەستی گەیاندنی بیمەی تەندروستی بە ژمارەیەکی زۆرتری هاووڵاتییانی ئەمریکا کەوتەکار.