هیندستان گەورەترین سیستمی بیمەی تەندروستی لە جیهاندا رادەگەیێنێت


رووداو- AFP


هیندستان گەورەترین سیستمی بیمەی تەندروستی لە جیهاندا رادەگەیێنێت کە زیاتر لە 500 ملیۆن کەسی هەژار لەنێویدا سوودمەند دەبن. 

ناریندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان دەڵێت لەڕێگەی سیستمێكی تایبەتی بیمەی تەندروستی 500 ملیۆن کەسی هەژار دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەگات و چیدیکە بێبەش نابن لە چارەسەرییەکان.

ناریندرا مۆدی دەڵێت لە سیستمەکەدا کە بە مۆدیکێر ناسراوە هەر خێزانێک 6900 دۆلاری بۆ تەرخانکراوە و لەکاتی گرفتێكی تەندروستیدا بۆی خەرجدەکرێت. 

مۆدی دەڵێت رۆژی راگەیاندنی ئەم سیستمە نوێیە رۆژێكی مێژووییە بۆ هیندستان، روونیدەکاتەوە دابینکردنی سیستمەکە دەتوانێت هەنگاوێكی نوێ و باش بێت بۆ باشترکردنی کوالێتی ژیانی خەڵکی هەژار لە هیندستان کە زیاتر لە 100 ملیۆن خێزان سوودمەند دەبن لێی. 

سیستمی تەندروستی هیندستان تووشی گرفتی کەمی پزیشكان و کارمەندانی تەندروستی بووە، بەهۆی کەمی نەخۆشخانەکانیش خەڵکی هەژار ناتوانن چارەسەری پێویست دەستبخەن، زۆربەی خەڵکی کە بتوانن پارەکە دابینبکەن سەردانی کلینیکە تایبەتەکان دەکەن، بەڵام ئەم سیستمە نوێیە دەبێتە رێگەیەک بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی چوونیەک.