تەندروستی جیهانی هۆکاری لەنێوچوونی ماسییەکانی عێراق رووندەکاتەوە
رووداو-سلێمانی
رێکخراوی تەندروستی جیهانیی هۆکاری لەنێوچوونی بڕێکی زۆری سامانی ماسیی عێراق رووندەکاتەوە و دەریدەخات پیسبوونی ئاوی عێراق هۆکاری سەرەکییە.
لەم مانگەدا هەزاران تۆن ماسیی (کارب) لەنێوچوون کە لە پرۆژەکانی بەخێوکردنی ماسیی لەسەر رۆخی روباری فورات بوون، بە تایبەت لە سنووری پارێزگای بابلی نێوەڕاستی عێراق. چالاکڤانان و هاووڵاتییان بەشێوەی جیاواز هۆکاری ئەم دیاردەیەیان باسدەکرد و تەنانەت هەندێک باسی پلانی دەرەکییان دەکرد بۆ زەبردان لە ئابووری خۆماڵیی عێراق.
لە بەیاننامەیەکی رێکخراوە جیهانییەکەدا، کە سێشەممە 20ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە و پاش پشکنینی ماسییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پەیوەندیدارانی عێراقی گەیشتووەتە ئەنجام، هاتووە کە "ئەو پشکنینانەی لەسەر ماسییە لەنێوچووەکان کران، ئەنجامی مەترسیداریان دەرخست، بۆیە پشکنینێکی نوێ ئەنجامدرا بۆ زیاتر روونکردنەوەی هۆکارەکە، هەفتەی داهاتوو ئەنجامی پشکنینەوە نوێیەکە رووندەکرێتەوە".
لە پشکنیە سەرەتاییەکانی رێکخراوە جیهانییەکەدا دەرکەوتووە هۆکاری لەنێوچوونی ماسییەکان، بەرزبوونەوەی رێژەی ماددە قورسەکان و ئامۆنیا و بەکتریا کۆڵۆنییەکانە (کۆڵایفۆڕم بەکتریا).
چواری ئەم مانگە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رەتیدەکردەوە هۆکاری لەنێوچوونی بڕێکی زۆری سامانی ماسیی وڵاتەکە بەهۆی هەبوونی ماددەی ژەهراوی بووبێت لەنێو ئاوی رووبارەکانی عێراق.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتە عێراقییەکەدا هاتبوو کە پاش پشکنینی نموونەی وەرگیراو لە ماسییە لەنێوچووەکان، دەرکەوتووە ئەوانە بەهۆی هەوکردنی بەکتریایی مردوون نەوەک هەبوونی ژەهر لەنێو ئەو ئاوەی تێیدا دەژین.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەروەها گوتبووی سەرەتای نەخۆشییەکە لە دیالە و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی بەغدا دەستیانپێکردووە، پاشان تاجی و تارمیە لە باکووری بەغدا و لە پرۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی بڵاوبووەتەوە.
وەک وەزارەتە روونیکردبووەوە، هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی نەخۆشییەکە خاوەن پرۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی بوون، کە کەمتەرخەمبوون لە بەرامبەر نەخۆشییەکە و لایان وابووە نەخۆشییەکە ئاسایی ساڵانە بڵاودەبێتەوە و ژمارەیەکی سنووردار ماسی دەکوژێ و پێویست بە بەدەمەوەچونی خێرا ناکات.