پزیشكان لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری زیکا


رووداو-AP
پزیشکانی جیهان سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکن بۆ بچووکی کەللەی سەری منداڵان، کە بەهۆی ڤایرۆسی زیکاوە تووشدەبن.

نێوەندنی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیری لە نەخۆشییەکانیش دەڵێت ئەگەر بچووکی کەللەی سەری منداڵان چارەسەرنەکرێت، لە داهاتوودا دووچاری گرفت دەبنەوە و لەڕووی توانای فێربوون، بینین، رۆشتن و جوڵە لاوازدەبن و ناتوانن هاوسەنگی جەستەیان رابگرن. 

سەرهەڵدانی ڤایرۆسی زیکا پزیشکانی جیهانی سەرقاڵ کردووە بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی بچووکی کەللە سەری منداڵانی تووشبوو بەو ڤایرۆسە، بچووکی کەللەی سەر لە رێگەی کۆمەڵێک ڤایرۆسەوە تووشی کۆرپە دەبێت، زیکاش یەکێكە لەو ڤایرۆسانە.

لە بەرازیل و وڵاتانی دیکەی ئەمریکای باشوور پزیشکان لە توێژینەوەی بەردەوامن تاوەکو چارەسەرێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بدۆزنەوە، بەڵام ڤایرۆسی زیکا بە تەنیا هۆکاری تووشبوونی بچوکی کەللەی سەری کۆرپە نییە و کۆمەڵێک ڤایرۆسی دیکەش دەگرێتەوە.

د. کورت هیکۆکس پسپۆڕی مێشکزانی لە کۆلێجی پزیشکی ویسکۆنسن دەڵێت "کۆمەڵێک میکانیزمی زۆر هەن ، ئێمەش لێی تێناگەین کە چۆن بچووکی کەللەی سەر دەبێتەهۆی پەکخستن لە داهاتوودا، هەرتووشبوونێک بەو ڤایرۆسە و بەو نەخۆشییە، دەرفەتی زیاتر بە ئێمە دەدات تاوەکو بەباشی لێی تێبگەین و بزانین چی پێویستە ئەنجامی بدەین تاوەکو پێشگیری لە تووشبوونی نەخۆشییەکە بکەین". 

بە گوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی بۆستنی منداڵان  لە ئەمریکا ساڵانە 25 هەزار منداڵ بە کەللە سەری بچوک لەدایک دەبن