پزیشکان کابینەیەکی پزیشكی هۆشمەند دروست دەکەن


رووداو-ئاژانسەکان

پزیشکانی فەرەنسی رێگەیەکی نوێ دەدۆزنەوە بۆ راوێژکردنی پزیشكی لەگەڵ نەخۆشە دوورنشینەکان ئەویش لە رێگەی دروستکردنی کابینەی پزیشکییەوە، بەجۆرێک ئەو کابینانە سەرجەم پشکنینە سەرەتاییەکان بۆ نەخۆش لە خۆدەگرن، پزیشكانیش دەتوانن لە نێو نۆرینگەکانی خۆیان پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ نەخۆشەکانیان هەبێت.


نەبوونی کات  بۆ چارەسەری نەخۆشان وایکردووە پزیشکان بیر لە رێگەچارەیەکی نوێ بکەنەوە، بۆ ئەو کەسانەی دوور لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان دەژین بە تایبەت ناوچە گوند نشینەکان. 

پزیشکانی فەرەنسی لە رێگەی دروستکردنی کابینەیەکی پزیشکی هاوکاری پزیشکی پێشکەشی نەخۆشان دەکەن، بەشێوەک پزیشکان لەنێو ماڵی خۆیان یان لەنێو نۆرینگەکانیان دەتوانن لەگەڵ کەسانی نەخۆش پەیوەندییان هەبێت و راوێژی پزیشکیان لەگەڵ تاوتوێ بکەن. 

بیرۆکەی دروستکردنی ئەم کابینە پزیشکیانە دەگەڕێتەوە بۆ پزیشکێکی فرەنسی  بەناوی دکتۆر فرانک بودینۆ، لە رێگەی ئەم کابینەوە نەخۆشان دەتوانن راستەوخۆ لەگەڵ پزیشکان پشکنینەکانی وەک: لێدانی دڵ، پەستانی خوێن، پشکنینی گوێ، چاو، پێست و چەندین جۆری دیکەی پشکنین ئەنجام بدەن.

دروستکردنی ئەم کابینە پزیشکیانە کاتێکی زۆری بۆ پزیشکان گەڕاندوەتەوە تاوەکو بتوانن بە تێکڕا سەرجەم نەخۆشانی شار و گوندنشین ببینن.