گرتەیەكی هونەرمەند بانكسی قسەوباس بەدوای خۆیدا دەهێنێ

13-10-2013
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو - یوتیوب

گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لەسەر تۆڕی یوتیوب بڵاوبووەتەوە، لەماوەی نزیكەی هەفتەیەكدا زیاتر لە 5 ملیۆن كەس بینیویانە و بەردەوام ئەو ژمارەیە لە زیادبو‌وندایە.

لە گرتەكەدا چەند كەسێك بە جلی چەكدارە ئیسلامییەكانەوە دەردەكەون، كە هەوڵدەدەن فڕۆكەیەك بخەنە خوارەوە. تۆمارە دەنگییەكەی ڤیدیۆكە لەپارچە ڤیدیۆیەكی ئۆپۆزیسیۆنی سو‌وریا وەرگیراوە كاتێك لە دژی  فڕۆكەكانی سوپای سو‌وریا چالاكییەكیان ئەنجامداوە.

 دوای گوتنەوەی هوتافی ئاینی،هێرشكەرەكان ئامانجەكەیان دەپێكن، دواتر دەبینن ئەوەی دەیخەنە خوارەوە فیلی دەمبۆیە،كە كەسایەتییەكی كارتۆنیە لە بەرهەمی كۆمپانیای دیزنی.

دەمبۆ، وا دەردەكەوێ كە لە سەرەمەرگدایە و منداڵێكی بچو‌وكی توڕە بەرامبەری وەستاوە و پێ لە قاچی ئەو كەسە دەنێت كە مو‌وشەكەكەی بۆ هاوێشتو‌وە. 

بانكسی روونی نەكردووەتەوە مەبەست لەو گرتە ڤیدیۆییە چییە،یان دەیەوێ بەو رێگەیە چ پەیامێك بگەیەنێ،بەڵكو كۆمێنتی بۆ بینەرەكان ئازادكرد‌ووە كە خۆیان شرۆڤەی ئەم گرتەیە بكەن و پەیامەكە بگەیەنن.

كۆمەڵێك كەس لە پێگەی یوتیوب رای خۆیان دەربڕیوە‌و هەندێكیان وای بۆ دەچن كە ڤیدیۆكە باس لە مردنی دڵپاكیی منداڵان دەكەن،لە كاتی ململانێكان و ئەوان باجی ئەو كارانە دەدەن كە گەورەكان ئەنجامی دەدەن.

هەندێكی دیكە نو‌وسیویانە بانكسی ویستو‌ویەتی تینوێتی خەڵكی بەدیاربخات بۆ بینینی ئەو ڤیدیۆیانەی كە كاری تو‌وندوتیژی و كوشتن لە خۆیان دەگرن.

هەندێكیشیان وای بۆ چو‌ون كە ئامانجی بانكسی دەرخستنی توانای بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست و درۆیە.

بانكسی 13 ساڵ پێش ئێستا بەناوبانگ بوو لە رێگەی وێنەكێشانی گرافیتی سەر دیوار لە شارەكانی بریستۆل و لەندەن. كارەكانی بانكسی گاڵتەجاڕین لە هەندێ بواری ژیان‌و سیاسەت و زۆربەی جارەكان بوار بۆ بینەرەكانی دەڕەخسێنێ كە خۆیان مانەكەی شرۆڤە بكەن.

تاوەكو ئێستا ناسنامەی بانكسی نادیارە و نازانرێت ئەو هونەرمەندە بەریتانیە چۆنە، بەڵام بە شۆڕشگێڕ ناسراوە و لە یەكێك لە وتەكانیدا دەڵێت "هەندێكیان هەوڵدەدەن كە لەم جیهانەدا جێگایەكی باش بۆ خۆیان بدۆزنەوە ،بەڵام من هەوڵدەدەم لە جیهانێكی جواندا بم،ئەگەر وێنەكانی منت بە دڵ نیە،دەتوانی بیانسڕیتەوە".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە