بەکارهێنانی سۆدە لە دروستکردنی نان و سەموون قەدەخەدەکرێت
رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەکارهێنانی سۆدە لە دروستکردنی هەویری نان و سەموون و هەموو بەرهەمەکانی هەویرکاری قەدەخەدەکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رێنمایینامەیەک ئاڕاستەی نانەواخانە، فڕنی سەموون و کارگەکانی دروستکردنی نان و شوێنەکانی هەویرکاری دەکات، تێیدا دەڵێت بەمەبەستی سەلامەتی و تەندروستی گشتی هاونیشتمانییان قەدەخەی بەکارهێنانی سۆدە لە بەرهەمە هەویرکارییەکان دەکات، هاوکات داوادەکات پێوەرێك دابندرێت بۆ تێکردنی بڕی خوێ بەپێوەر کە بە جۆرێك بۆ هەر یەک کیلۆگرام ئارد کەمتر لە ٦ گرام خوێ بەکاربهێندرێت.
لە نووسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی کە واژۆی د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لەشکر حەمید، ئەندازیاری خۆراک، د. بینایی کامەران، پسپۆڕی خۆراکی لەسەرە هاتووە، لەمەودوا پێویستە فڕن و سەموونخانەکان سیینییەک بەکاربهێنن کە ژەنگ نەکات، پاشەڕۆ، چەوری و سوێری پێوە نەبێت.
هەروەها لە رێنمایینامەکەدا هاتووە پێویستە خامی نانەواخانە و سەموونخانەکان کە بۆ داپۆشینی مێزەکان و داپۆشینی هەویر، نان و سەموون بەکاردەهێندرێت سپی بێت و نابێت قوماشی رەنگاورەنگ بەکاربهێندرێت.
ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دوای ئەوە دێت کە لە بەرنامەی نۆڕین بەدواداچوون بۆ شێوازی ئامادەکردنی نان و سەموون کرا، دەرکەوت بەشێک لە سەموونخانە و نانەواخانەکان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نین و مەرجە تەندروستییەکان جێبەجێبەجێناکەن.