رێکخراوی تەندروستی جیهانی: نابێت رۆژانە زیاتر لە 5 گرام خوێ بخورێت
رووداو- هەولێر
هەفتەی هۆشیارییە لەبارەی خوێ، رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەم هەفتەیەدا رایدەگەیێنێت، ئامانجیانە تاوەکو ساڵی 2025 خواردنی خوێ لەنێو خەڵکی بەرێژەی %30 کەمبکەنەوە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، تەنیا بە کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی خواردنی خوێ، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە نەگوازراوەکان کەمدەبێتەوە، بەمەش خەڵکی کەمتر تووشی بەرزەپەستانی خوێن، نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشك دەبن.
تەندروستی جیهانی روونیدەکاتەوە، هەرچەندە کەسێك رۆژانە پێویستی بە ٥ گرام خوێ هەیە بۆ فسیۆلۆژی جەستە، بەڵام نابێت زیادەڕەوی لە خواردنیدا بکرێت.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، کەمکردنەوەی خوێ هەم بۆ تاک و هەم بۆ کۆمەڵگە گرنگە، چونکە بە کەمکردنەوەی خوێ لەنێو خۆراکی رۆژانە و کەمبوونەوەی نەخۆشییەکان، خەرجییەکانی سەر کەرتی تەندروستیش بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان کەمدەبنەوە.