گوگڵ رووبەڕووی نەخۆشییەكانی دڵ دەبێتەوە
رووداو-ئێن بی سی
گوگڵ لەگەڵ كۆمەڵەی نەخۆشییەكانی دڵ لە ئەمریكا پرۆژەیەكی 50 ملیۆن دۆلاریی ئامادە دەكەن بۆ رووبەرووبوونەوەی نەخۆشییەكانی دڵ و لەو چوارچێوەیەشدا بەڵێنی گەورەیان داوە.
نیوەی ئەو بڕە پارە تەرخانكراوە لەلایەن كۆمەڵەی دڵی ئەمریكاوە دەبەخشرێت و لەماوەی پێنج ساڵدا تەرخاندەكرێت، ئەوەش زەبەلاحترین بڕی پارەیە كە بەخشرابێت بۆ بواری توێژینەوەی پزیشكیی لە مێژووی كۆمەڵەكەدا. بۆ گوگڵیش پرۆژەكە دەچێتە ریزی پرۆژە زەبەلاحەكانی وەك ئوتومبیلی بێ شۆفێر و ئەو هاوێنە دەستكردانەی چاو كە هەمانكات چاودێریی ئاستی شەكری خوێن دەكەن، هەرەها ئەو دەستبەندانەی چەندین زانیاریی تەندروستی لەسەر ئەو كەسانە تۆماردەكەن كە دەیانپۆشن.
پرۆژە زەبەلاحە هاوبەشەكە دوێنێ یەكشەممە لە شاری ئۆرلاندۆی ئەمریكا ئاشكراكرا.
نەخۆشییەكانی دڵ هۆكاری یەكەمی مردنن لە جیهاندا و وەك ئاندی كۆنراد بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گوگڵ لایف ساینس دەڵێت "كاتی ئەوەی هاتووە داهێنانی گەورەی تێدابكرێت و پێویستی بەوەیە هزری ناكلاسیكی و موچڕكە درووستكەری تێدا بخرێتەكار". بەڕێوەبەرەكەی گوگڵ دەڵێت پێشكەوتن وەك پێویست لەبواری رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكانی دڵ نابینرێت و دەبێت هەنگاوی خێرا و دیار بنرێن.
جگە لەو پارەیەی بە كاش دەیدات، گوگڵ چەندین ئامێر و سێنسەری پێشكەوتوو دەخاتە خزمەتی پرۆژە هاوبەشەكەوە. گوگڵ دەڵێت هەوڵمان بۆ ئەوەیە چاكبوونەوەی تەواوەتی لە نەخۆشییەكانی دڵ بهێنینەدی "ناتوانین گەرانتیی سەركەوتن بدەین، بەڵام بەڵێنی ئەوە دەدەین هەرچی لە تواناماندابێت ئەنجامی بدەین".
بڕیارە رۆژی ڤالەنتاینی داهاتوو بكرێتە رۆژێكی تایبەت بە دڵ و لەو چوارچێوەیەشدا كەسێك بكرێتە رێبەری پرۆژەی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكانی دڵ. كەسەكەش لەسەر بنەمای ئەوە دەبێت بیرۆكەی داهێنەرانە پێشكەش بكات، جا ئەو كەسە پزیشك بێت یان پەرستار یان هەر كەسێكی ئاسایی.
د.رۆبەرت هارینگتۆن، سەرۆكی زانكۆی پزیشكیی ستانفۆرد و ئەندامی كۆمەڵەی دڵی ئەمریكی دەڵێت ئەو پرۆژەیە "وامان لێدەكات بە شێوەیەكی جیاواز توێژینەوە بكەین". وەك ئەو باسی دەكات توێژینەوەكانی پێشوو تەنیا زانیارییان بۆسەر زانستەكانی پێشوو زیادكردووە، بەڵام ئەمەی ئێستا داهێنان و دەستپێكی هەنگاوی تازە و نوێ دەبێت.