پرسیار و وەڵام لەبارەی نەخۆشییەكەی محەممەد عەلی كڵای

رووداو-ئەسۆشیەیتدپرێس
بەر لە مردنی، محەممەد عەلی كڵای بەهۆی گرفتی هەناسەوە گواسترابووەوە بۆ نەخۆشخانە، كە بەشێك بوو لە ئاڵۆزكارییەكانی نەخۆشی پاركینسۆن. ئەو پاڵەوانە بەنێوبانگەی بۆكسێن، سێ دەیە (30 ساڵ) بوو گرفتاری ئەو نەخۆشییە بوو.
ئەمانە هەندێك پرسیار و وەڵامەكانیانن لەبارەی نەخۆشی پاركینسۆن:
1-پاركینسۆن چییە؟
نەخۆشییەكی دەمارییە، كە تێیدا شانە دەمارییەكانی كەسەكە دەست بە داخوران دەكەن، لە ئەنجامدا كەسەكە توانای كۆنترۆڵكردنی جووڵەكانی لەدەستدەدات. سەرەتا بە لەرزین دەستپێدەكات، بەوەش جیادەكرێتەوە كە كەسەكە جووڵەكانی هێواشدەبنەوە، رۆیشتنی وەك رۆبۆتی لێدێت و پەلەكانی كرژ دەبن، ئەوە سەرەڕای گرفت لە راگرتنی باڵانسی جەستە و تێكچوونی توانای قسەكردن.
2-كێ تووشدەبێ؟
بەپێی خەمڵاندنەكانی كۆمەڵەی پاركینسۆنی ئەمریكی، لەو وڵاتە ملیۆنێك تووشبووی پاركینسۆن هەن و لەسەر ئاستی جیهانیش ژمارەی تووشبووان بە 4-5 ملیۆن كەس دەخەمڵێندرێ. بەگشتی نیشانەكانی نەخۆشییەكە لەدوای تەمەنی 60 ساڵی دەردەكەون، بەڵام لە هەندێك كەسدا بەر لە تەمەنی 40 ساڵی دەردەكەون.
3-هۆكارەكەی چییە؟
خانەگەلێك لە مێشكدا هەن كە پەیامگەیێنەرێكی كیمیایی درووستدەكەن بەنێوی "دۆپامین"، ئەو ماددە كیمیاییە لە دەمار و مێشكدا لێپرسراوە لە گواستنەوەی ئەو ئاماژانەی پەیوەستن بە جووڵان لە ناوچەكانی مێشك. لە نەخۆشی پاركینسۆندا خانەكانی درووستكەری دۆپامین تێكدەچن و دەمرن. تاكو ئێستا نازانین بۆچی ئەو خانانە دەمرن؟ بەڵام كاتێك نیشانەكانی نەخۆشییەكە دەردەكەون، ئەوە نیشانەی ئەوەیە ژمارەیەكی زۆری خانەكان مردوون و تەنیا بڕێكی كەم لە دۆپامین لە مێشك و دەمارەكان ماوەتەوە.
4-چارەسەری یەكجارەكی هەیە؟
رێگەچارەیەكمان نییە بە یەكجاری نەخۆشییەكە لەكۆڵ بكاتەوە. بەڵام چارەسەر هەن كە یارمەتی نەخۆشەكە دەدەن ژیانێكی باشتری هەبێ، وەك هەندێك دەرمان كە تا راددەیەك ئاستی دۆپامینی مێشك و دەمارەكان بەرزدەكەنەوە، هەروەها ئامێرێك كە بە نەشتەرگەری دەچێندرێ و لەرزینی كەسەكە كەمدەكاتەوە. جگە لەوانە چارەسەری سرووشتی و راهێنانی پیشەیی، وادەكەن كەسەكە ئاسانتر لەگەڵ گرفتەكانی هەڵبكات.
5-چارەنووسی كەسی تووشبوو چۆنە؟
نیشانەكانی نەخۆشییەكە لەگەڵ تێپەڕینی كات بەرەو خراپتربوون دەچن، بەڵام بەهێواشی. توندی نیشانەكان و راددەی بەرەوپێشچوونیان لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی دیكە دەگۆڕێن. لە قۆناخە كۆتاییەكانی نەخۆشییەكەدا، تووشبووەكان ناتوانن بەپێ بڕۆن و گرنگی بە خۆیان بدەن. هەروەها جگە لە گرفتی جووڵان، رەنگە تووشی خەمۆكی، تێكچوونی یادەوەری و هزریی ببن.
6-كام ئاڵۆزكارییانەی نەخۆشییەكە زۆر جێگەی نیگەرانین؟
ئاڵۆزكارییەكانی كۆئەندامی هەناسە مەترسیدارترینن، چونكە ئەم كەسانە بەهۆی لاوازبوونی ماسولەكانی سنگیانەوە چیدیكە ناتوانن بەڕێك و پێكی هەناسە بدەن، یان كاتی كۆكین بتوانن بۆڕییەكانی هەوایان پاك بكەنەوە، هەروەك بەهۆی هەبوونی گرفت لە قوتدانی خۆراكدا، خواردن دەپەڕێتە گەروو بۆڕییەكانی هەوایان و ئەوەش تووشی هەوكردنی چەند بارەی سییەكانیان دەكات و هۆكاری سەرەكی مردنیشیان گرفتەكانی هەناسەیە.