لە 2024ـدا رووداو بایەخێکی زیاتر بە پێگەیاندنی رۆژنامەڤانی ژن دەدات
بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی 2024، پیرۆزبایی لە هەموو بینەران، بیسەران و خوێنەران و هەموو خەڵکی کوردستان و جیهان دەکەین. هیوادارین ساڵی تازە بۆ هەمووان ساڵی ئاشتی و دڵخۆشی بێت.
تۆڕی میدیایی رووداو، سەرەڕای دژایەتی و رێگریی زۆر، ساڵی 2023ـی بە پێشکەوتن و هەنگاوی زۆر گەورەوە تێپەڕاند، ئەمە نیشانەی بەتوانایی یەک بە یەکی کارمەندانی رووداوە، بەڵگەی پشتیوانیی و خۆشەویستی خەڵکە بۆ رووداو.
لە ساڵی 2023ـدا تۆڕی میدیایی رووداو ژمارەیەک هاوبەشیی تازەی جیهانی ئەنجامدان، پێگەی رووداو لە ناوچەکە و جیهان دا بەهێزتربوو. رووداو چەند خەڵاتێکی جیهانی وەرگرتن. رووداو بەهۆی رووماڵە بەهێزەکانی بەردەوام بوو لە گەیاندنی رووداوەکانی کوردستان و ناوچەکە بە جیهان. رووداو وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ بۆ سەرتاسەری جیهان و یەکێک لە میدیا پێشەنگەکانی ناوچەکە زیاتر پێشکەوت. رووداو دیجیتاڵ پێشکەوتنێکی زۆر فراوانی بەخۆیەوە بینی. پۆدکاستی وەک جۆرێکی تازە لە بەرهەمی میدیایی لە کوردستان دا برەوپێدا. هەروەها لە ساڵی 2023ـدا رووداو دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی بە زمانی چینی، کە یەکەم جارە دەزگایەکی میدیایی کوردستان بەرهەم بە زمانی چینی بڵاوبکاتەوە.
تۆڕی میدیایی رووداو لە ساڵی 2024ـدا، هەنگاو و بەرهەمی نوێی دەبن و، فراوانبوونێکی سەردەمیانەی دەبێت. هەروەها رووداو بە هاوبەشیی لەگەڵ سندووقی دانیشتووانی نەتەوەیەکگرتووەکان UNFPA بایەخێکی تایبەت بە پێگەیاندنی رۆژنامەڤانی ژن دەدات لە کوردستان و هەموو عێراق.
پیرۆزبایی سەرکەوتنی رووداو لە ساڵی 2023، لە هەموو هاوکارانی رووداو دەکەین، رێز لە ژیری و ماندووبوونیان دەگرین، هەروەها بەڕێزەوە شەهید شیفا گەردی و پەیامنێری رفێندراوی رووداو فەرهاد حەمۆ بە بیر دەهێنینەوە.
تۆڕی میدیایی رووداو
31-12-2023