گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان: لە سەرەتای ساڵی 2023 کۆنفرانسی نیشتمانی دەبەستین


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان هۆکاری دواکەوتنی کۆنفرانسی دووەمی گشتیی بزووتنەوەکەیان بۆ بەشداریپێکردنی ئەندامە ناڕازییەکانیان دەبەستێتەوە و دەڵێت: "لە سەرەتای ساڵی 2023 کۆنفرانسی دووەمی نیشتمانی دەبەستین و هەوڵ دەدەین کۆنفرانسەکە ببێتە سەکۆیەک بۆ هەموو دەنگە جیاوازەکان".
 
رۆژی شەممە، 31-11-2022، دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان میوانی بوولتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی و نالین حەسەن پێشکێشیان کرد و رایگەیاند: "ساڵی 2022 بۆ بزووتنەوەی گۆڕان ساڵێکی دژوار بوو. لە رێگەی کۆمەڵێک هەنگاو و میکانیزمەوە چوارچێوەیەکمان بۆ رێکخستنەوەی یەکە رێکخراوەییەکان و رێکخستنی کۆنفرانسی دووەمی نیشتمانی دانا و هاوکات پێداچوونەوەمان بە کارنامەی سیاسیی خۆمان کردووە".
 
دلێر عەبدولخالق گوتی: "لە دوایین کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بڕیاردرا ساڵی داهاتوو لە نزیکترین کاتدا کۆنفرانسی دووەم ببەسترێت. دەستەی هەماهەنگی کۆنفرانس لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەکارییەکانی خستەڕوو و بڕیارە سەرەتای ساڵی نوێ کۆنفرانسی دووەمی نیشتمانی ببەستین".
 
لەبارەی نەبەستنی کۆنفرانس لە ساڵی 2022دا، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "پەیوەندی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پرۆژە و دەستپێشخەرییانە بوو کە پەیوەستن بە ئاشتەوایی نێوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبەرئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا پەیوەست نییە بەو کەسانەی ئێستا لەناو بزووتنەوەکەدان، بەڵکو ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک و سەرکردەی ئەو بزووتنەوەیە ئێستا بە هۆکاری جیاواز لە دەرەوەی بازنەی کارکردنی بزووتنەوەکەن؛ بۆیە هەوڵدەدەین ئەم کۆنفرانسە بکەینە سەکۆی کۆکردنەوەی دەنگ و بیروڕا جیاوازەکان".
 
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتی و پارتی بە هۆکاری بێمتمانەیی خەڵک بە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەزانێت و دەڵێت: "بەشداریی حکومەتمان کرد بۆ ئەوەی چاکسازی لە هەموو بوارەکانی حوکمڕانیدا بکرێت، بەڵام بیرکردنەوەی حیزبی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی کەسی و کارانەکردنی سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری لەناو حکومەت وایکرد بێمتمانەیی سیاسی لای خەڵک زیاتر ببێت. ئەو هەڵمەتەش کە بزوتنەوەی گۆڕان بە هۆکاری بێهیواکردنی خەڵک تۆمەتبار دەکات، شەڕێکی دەروونی و میدیاییە دژی بزووتنەوەکەمان".
 
دلێر عەبدولخالق پێیوایە تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان ژمارەی دەنگەکانی کەمی نەکردووە، "بەڵکو هەموو هێزە سیاسییەکان بە دوو هێزی سەرەکیشەوە رێژەی دەنگەکانیان بە ئاستێکی بەرچاو دابەزیوە کە ئەوەش پەیوەستە بە نەمانی متمانەی خەڵک بە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان".
 
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان هۆکاری پاشەکشەکردنی دەنگەکانی گۆڕان لە هەڵبژاردنی عێراق دەبەستێتەوە بە "بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەت" و دەڵێت: "بەشداریکردنەکە هەڵە نەبوو. ئێمە لەگەڵ پارتی و یەکێتی رێککەوتنمان کرد بۆ چوونە نێو حکومەت، بەڵام ئەوان لەگەڵ ئێمە و لەگەڵ خەڵکیش راستگۆ نەبوون، ئەگەر کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی جێبەجێبکرایە، ئێستا بزووتنەوەی گۆڕانیش دەیتوانی باشتر لەناو خەڵکدا قسە بکات".
 
دلێر عەبدولخالق گوتی: "ئەو دەستوەردانەی ئێستا پارتی و یەکێتی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا دەیکەن، لە سەردەمی بەرەی کوردستانی و شەڕی ناوخۆشدا نەبووە، لەکاتێکدا ئێمە رێککەوتبووین هێز و قورسایی بۆ دامەزراوەکانی حکومەت بگەڕێنینەوە و دامەزراوەکان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان کار بکەن".
 
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆران رایگەیاند: "کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو پێویست جێبەجێنەکراوە، ئەوەش بەشێکی پەیوەندی بە ململانێی نێوان یەکێتی و پارتییەوە هەیە، ئەگەر ئەو دۆخە بەمشێوەیە درێژە بکێشێت، بزووتنەوەی گۆڕان لە رێگەی جڤاتی نیشتمانییەوە هەڵوێستی دەبێت".