رۆژى یەکشەممە ئەنجامى زانکۆلاین رادەگەیێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایدەگەیەنێت، رۆژى یەکشەممە ئەنجامەکانى وەرگرتنى دەرچووانى 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى 2024 - 2025 رادەگەیێندرێت.
د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 31-10-2024) لە رێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانییەوە قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند، "لێرەوە بە هەموو گەنجە ئازیزەکانی وڵاتی خۆمان کە چاوەڕێن بێنە زانکۆ و پەیمانگەکان، رادەگەیێنم؛ رۆژی یەکشەممە (ئەنجامی) زانکۆلاین رادەگەیێندرێت."
هەروەها عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە رووداوی گوت "دواى راگەیاندنى ئەنجامەکان، لە 10ـی مانگەوە، دەستدەکرێت بە پرۆسەى خوێندنى قۆناخى یەکەم لە زانکۆکان."
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاش، پێویستە لەسەر وەرگیراوان لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، راستەوخۆ پەیوەندی بە زانکۆکانیانەوە بکەن بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆکانى هەرێمی کوردستان ئامادەکارى پێویست دەکەن.
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، 47 هەزار 788 خوێندکار لە پۆلی 12 دەرچووبوون؛ 30 هەزار و 661 قوتابی بەشی زانستی، 15 هەزار و 716 قوتابی بەشی وێژەیی، 159 قوتابی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و 1250 قوتابی پیشەیی.
لەو ژمارەیە 37 هەزار و 290 قوتابی لە دەرچووانی 2023 داواکارییان پێشکێشکرد؛ 2598 قوتابی دەرچووانی ساڵی 2022 بوون؛ 6882 قوتابی دیکەش ساڵانی پێشووتر دەرچووبوون و داواکارییان پێشکێشکردووە.
لە کۆی هەموو ئەوانەشی کە داواکارییان پێشکێشکردبوو، ساڵی رابردوو 42 هەزار و 985 قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.