وەزارەتی ناوخۆ بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان: دەست بەسەر سیمکارتە بێ ناسنامەکاندا بگرن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نووسراوی فەرمی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کردووە و داوایان لێدەکات دەست بگرن، بەسەر هەموو ئەو سیمکارتانەی لە دەرەوەی رێنوێنییە یاساییەکان دەفرۆشرێن.
وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە بەشداری نوێنەری حەوت کۆمپانیای مۆبایل و ئینتەرنێت ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ کۆبوونەوە.
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک بڕیاریانداوە، لە یەکێکیاندا هاتووە: "لیژنەی تایبەتمەند لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کاری پێویست بکات، بە چاودێریکردنی بازاڕ و دەستگرتن بەسەر ئەو سیمکارتانەی لە دەرەوەی رێوشوێنە یاساییەکان دەفرۆشرێن".
یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی وەزارەتی ناوخۆ کۆمپانیاکانی ناچار بە جێبەجێکردن دەکات، ئەوەیە، بریکارە سەرەکی و لاوەکییەکانی فرۆشتنی سیمکارت دەبێت فۆڕمی خۆتۆمارکردن پڕبکەنەوە، بە پێچەوانەوە بریکاردارێتی فرۆشتنی سیمکارتی لێ وەردەگیرێتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەر شوێنێک سیمکارتی بەبێ رێکارە یاساییەکان لێ بفرۆشرێت دادەخرێت و بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ سزای پێبژاردنی بۆ دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان بە گشتی، لە رێگەی فرۆشیاری گەڕۆکەوە سیمکارتی کۆمپانیاکانی پەیوەندی دەفرۆشرێن بەبێ تۆمارکردنی بەناوی کەسی کڕیارەوە.