قایمقامییەتی هەڵەبجە: دوو بارهەڵگر درانە دادگە خۆراکی نەشیاویان بۆ فێستیڤاڵی هەنار دەبرد
رووداو دیجیتاڵ
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەڵەبجە رایگەیاند، دەستیانگرتووە بەسەر خۆراکی بەسەرچوو و نەشیاودا کە ویستراوە ببرێتە فێستیڤاڵی هەنار و ساخبکرێتەوە. ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت: "رۆنی تەنەکەیان هێنابوو بە ناوی رۆنی خۆماڵی بیفرۆشن".
لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەڵەبجە بڵاویکردووەتەوە هاتووە: "شەوی رابردوو لە بازگەی زەمەقی بڕێکی زۆر خۆراک لە دوو بارهەڵگردا پشکنینیان بۆ کرا، خۆراکەکانیان بەشێکیان بەسەرچووبوون و بڕێکیشیان بێ سەرچاوە و نەشیاو بوون".
ئەکرەم محەممەد، ئەندامی لیژنەهاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەڵەبجە کە چاودێری بازگەکان دەکات ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، خۆراکەکان جیا بوون، بەشێکیان رۆنی تەنەکە بوون کرابوونە دەبەی بچووکی سپییەوە، گوایە لە فێستیڤاڵی هەنار بە ناوی رۆنی خۆماڵییەوە بیفرۆشن.
ئەکرەم محەممەد گوتی، بەشێکی دیکەی خۆراکەکان دۆشاو بوون و سرکەی هەناری تێکەڵکراوە و ویستویانە بە سرکەی هەناری خۆماڵی بیفرۆشن.
بارهەڵگرەکان کە دوو بارهەڵگر بوون و لە سلێمانییەوە بۆ هەڵەبجە براون. ئەو ئەندامەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەڵەبجە گوتی: "هەر دوو شۆفێرەکە دەستبەسەر کراون، هەر کەسێکیش لە هەر پلە و پۆستێکدا دەستی لە پشتیانەوە بێت و خاوەنی کەرەستەکان بێت دەدرێتە دادگە".
بەرپرسی چاودێریی بازگەکان لە لیژنەکانی قایمقامییەتی هەڵەبجە دڵنیایی دایە هاونیشتمانیان لە دروستیی بەرهەمەکانی فێستیڤاڵی هەنار و گوتی: "ماوەی 10 رۆژە لە سنوورەکان، بازگەکان و نێو شاریشدا لیژنەکان بە چڕیی چاودێری دەکەن بۆ ئەوەی باشترین بەرهەمی نێوخۆ و تەندروست بدەنە میوانانی فێستیڤاڵەکە".
ئەمڕۆ فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دەستیپێکرد و بڕیارە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت.