ئاوی بەنداوی دووکان کەمیکردووە و دهۆک و دەربەندیخان زیادیانکردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئاوی بەنداوی دووکان بەراورد بە هەمان رێککەوتی پار کەمیکردووە، بەپێچەوانەوە ئاوی بەنداوەکانی دەربەندیخان و دهۆک زیادیانکردووە.
بەنداوی دووکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەنداوەکە بەڕێژەی 23% ئاوی تێدایە و بەراورد بە پار، ئاستی ئاوەکەی بەڕێژەی 5% کەمیکردووە.
بەنداوی دهۆک، سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەنداوی دهۆک کەمتر لە نیوەی تێدایە، بەڵام بەراورد بە هەمان رێککەوتی پار، ئاوی گلدراوەی ئەمساڵ زیاترە.
بەنداوی دهۆک ئێستا 19 ملیۆن و 900 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، فەرهاد محەممەد دەڵێت، پار ئەم کاتە، ئاوی بەنداوەکە 10 ملیۆن و 400 مەتر سێجا بوو.
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجایە، 26ـی ئەم مانگە، سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەنداوەکە 60% ئاوی تێدایە، کە ملیارێک و 389 ملیۆن مەتر سێجایە.
هاوشێوەی بەنداوی دهۆک، ئاوی بەنداوی دەربەندیخانیش زیادیکردووە، بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، ئەمساڵ بەراورد بە هەمان رێککەوتی پار، 450 ملیۆن مەتر سێجا ئاو زیادیکردووە.
جگە لە سێ بەنداوە گەورەکەی هەرێمی کوردستان، چەندین بەنداو و پۆند لە هەرێمی کوردستان هەن.
بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانییەوە دروستكراوە و بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی 1961 لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەمریكییەوە دروستكراوە، بەنداوی دهۆکیش ساڵی 1988 دروستکراوە.