دیداری مێری بە ناونیشانی 'عێراق بۆ هەمووان'؛ نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و حەلبووسی قسە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژانی 1 و 2ی نۆڤەمبەر لە هەولێر دیداری مێری بە ناونیشانی "عێراق بۆ هەمووان" بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت، کە 12 پانێڵ لە خۆدەگرێت و ژمارەیەک لێکۆڵەر و سیاسەتوان و بەرپرس بەشداری دەکەن؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق قسەکەری سەرەکی دەبن.
سەرۆکی پەیمانگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوە - مێری دەڵێت، "دیدارێکی وەک مێری، شوێنی کۆکردنەوەی ئەو خەڵکە ئەکادیمیەیە، بە توێژینەوە و شیکردنەوەکانیان دەتوانن پێشنیازی سیاسەتی باش بکەن، بەڵام ئەرکی سەرکردە سیاسییە بڕیاردەرەکانە گوێ بگرن لەو شیکردنەوانە کە رێنیشاندەر دەبێت بۆ خۆیان و بۆ خەڵکیش."
د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی پەیمانگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوە - مێری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "(عێراق بۆ هەمووان) ناونیشانی دیدارەکەیە. دەبێت عێراق بیکەیتە هی هەمووان. ئەگەر لێی گەڕێیت بۆ سرووشت، ئەوا بەم شێوەی رۆیشتووە وادەبێت."
لەبارەی بەشداربووان، د. دلاوەر عەلائەدین گوتی: سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکانیان بەشدارن و لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان، لەنێو شیعەکان بەشێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەدرییەکان دێن، هەروەها لەنێو سووننەکانیش بەهەمان شێوەیە سەرکردەکانیان ئامادە دەبن، لە سەرووی هەموویانە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. لەگەڵ ئەوانەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئامادەییەکی بەهێزی دەبێت، رەنگە تا 16 باڵیۆز بەشداربن کە چوار بۆ پێنجیان لە لیستی قسەکەراندان. لەوانە؛ باڵیۆزانی ئەمریکا، رووسیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، لەگەڵ کۆمەڵێک توێژەری بەنێوبانگی نێودەوڵەتی، هەروەها رۆژهەڵاتی و ئەوروپی تێیدایە.
رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە 1-2ی تشرینی دووەم، لە 12 پانێڵدا پەیمانگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوە دۆخی عێراق لەژێر ناونیشانی "عێراق بۆ هەمووان" تاوتوێ دەکات. دیداری مێری بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت. سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و باڵیۆز و بەرپرسان بەشداری تێدا دەکەن.
سەرنجەکە لەسەر چارەسەری کێشەکانی عێراق لە دیداری مێریدا، بۆچوونی سەرکردەکانە، لە هۆتێل رۆتانا بۆ ماوەی دوو رۆژ بەرێودەچێت، لە کاژێر 8ی بەیانی تاوەکو 18:30 خولەکی ئێوارە.
پانێڵەکانی رۆژی یەکەم: کاژێر 9:00، گوتاری کردنەوە لەلایەن د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی مێری. کاژێر 9:15 خولەک، پانێڵی دووەم بەڕێوەدەچێت دوای ئەوەی پانێڵی یەکەم لە 31ـی مانگ بەڕێوەچوو.
ناونیشانی پانێڵی دووەم بریتییە لە "روانینی ورد بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هێز و دانامیکی هێز." قسەکەرەکان پێکهاتوون لە ستیڤ بیتنەر، لە نووسینگەی کاروباری رۆژهەڵاتی نزیکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا؛ رەند سەلیم، لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەمریکا؛ ڤەلی ناسر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی جۆن هۆپکنز-سایس، پانێڵەکە لەلایەن لوقمان فەیلی، باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
پانێڵی سێیەم بە ناونیشانی: "ئەکتەرە هەرێمییەکان لە دراوسێکانی عێراق؛ کاتی داماڵینی ئاسایشە لە پەیوەندییەکان." قسەکەرەکان پێکهاتوون لە: ئیبرۆس کۆتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق؛ کەیهان بەرزەگار، سەرۆکی ناوەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوە لە تاران، پانێڵەکە لەلایەن لەهیب هیگڵ، لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبرێت.
پانێڵی چوارەم کاژێر 12:10 خولەک بەڕێوەدەچێت، بە ناونیشانی: "ئاڵنگاری چاکسازی و بەڕێوەبردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان." قسەکەرەکان پێکهاتوون لە: جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پانێڵەکە لەلایەن تەلار مومتاز نوور بەڕێوەدەبرێت.
پانێڵی پێنجەم کاژێر 14:15 دەستپێدەکات، بە ناونیشانی: "دامەزراندنی دەوڵەت لە عێراق؛ بەرەنگاربوونەوەی شکان لە عێراق و بەدەستهێنانەوەی سەروەری." قسەکەرەکان پێکهاتوون لە: عەدنان زورفی؛ ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی وەفای عێراق؛ محەممەد سالم غەببان، ئەندامی باڵای هاوپەیمانیی فەتح؛ جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پانێڵەکە لەلایەن زەینەب رەبیع؛ پێشکێشکار و رۆژنامەڤان بەڕێوەدەبرێت.
هەروەها کاژێر 16:00 خولەک پانێڵی شەشەم بەڕێوەدەچێت، بە ناونیشانی: "چاکسازی لە سیستمی دارایی عێراق؛ رۆڵی حکومەت و کەرتی تایبەت." قسەکەرەکان پێکهاتوون لە: ریچارد عەبدولنوور، بەڕێوەبەری کاروباری عێراق لە بانکی جیهانیی؛ جەمال کۆچەر؛ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق؛ محەممەد حەنزەل، سەرۆکی یەکێتیی بانکە تایبەتییەکانی عێراق؛ شوان ئیبراهیم تەها، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی رەبیع بۆ ئاسایشیی دارایی، پانێڵەکە لەلایەن ئاڤا نادر، لە کۆمیسیۆنی پەیوەندی و راگەیاندنی عێراق بەڕێوەدەبرێت.
پانێڵی حەوتەم، دوایین پانێڵی رۆژی یەکەم، کاژێر 17:25 خولەک بەڕێوەدەچێت، بە ناونیشانی: "داهاتوو و بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان؛ ستراتیژ و ئاستەنگ و هەل." قسەکەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت و لەلایەن رەند سەلیم، لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەدەبرێت. کاژێر 18:25 گوتاری کۆتایی رۆژی یەکەم دەبێت.
رۆژی دووەمی دیداری مێری
رۆژی چوارشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2022، پانێڵی هەشتەم کاژێر 9:00ی بەیانی دەستپێدەکات، بە ناونیشانی: "دەوڵەتسازیی لە عێراقدا: بەرەنگاربوونەوەی لەرزۆكی و گێڕانەوەی سەرفرازیی." قسەکەران پێکهاتوون لە: عەبدولحەلیم ئەلزوهێری، سیاسەتمەدار و پیاوی ئایینی؛ ئەمیر كینانی، راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق؛ سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.
هەروەها کاژێر 11:00 پانێڵی نۆیەم بەڕێوەدەچێت بەناونیشانی: "قەیرانە فرە چینەکانی عێراق: ئەولەویەت و تێڕوانینی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان." قسەکەرەکان پێکهاتوون لە: مارتین جەیگر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق؛ ئەلینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق؛ مۆریزیۆ گریگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، پانێڵەکە لەلایەن تانیا گلی خەیلانی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بەڕێوەدەبرێت.
کاژێر 13:30 پانێڵی 10یەم بەڕێوەدەچێت بەناونیشانی "دۆزی كریستیان و ئێزدییەكان - با شەرمەزاریان نەبین." قسەکەرەکان بریتین لە: حازم تەحسین بەگ، میر و سەرۆكی ئەنجوومەنی رووحانی باڵای کوردانی ئێزدی؛ عەلی ئەلیاس حاجی ناسر، ئیختیاری مەرگە و ئەندامی ئەنجوومەنی رووحانی باڵای ئێزدی؛ مەیان خەیری سەعید بەگ، خاتوونی ئێزدیان؛ نەجیب میخائیل موسا، سەرۆكی قەشەكانی كلدانی لە موسڵ و ئاكرێ و نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا.
کاژێر 15:45 پانێڵی 11یەم بەڕێوەدەچێت، بەناونیشانی: "رۆڵی دامەزراوەی یاسادانان لە دەوڵەتسازی: ئەولەویەتەكان و ئالنگارییەكان"، تاکەقسەکەر، محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە کە لەلایەن د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆكی پەیمانگای مێری بەڕێوەدەبرێت.
دواتر کاژێر 16:40 دوایین پانێڵ بەڕێوەدەچێت، کە پانێڵی 12هەمینە بە ناونیشانی: "عێراقێک كە بۆ هەمووان كار بكات" قسەکەر، نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستانە و لەلایەن فهرهاد عهلائهدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی عێراق بەڕێوەدەبرێت.
کاژێر 17:45 دوا وتەی دیدار و کاژێر 18:00 دیداری مێری ئەمساڵ کۆتایی دێت.