کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە قەڵاچوالان دەبێت و 600 کەس دەبنە ئەندام
رووداو دیجیتاڵ
ئاراس شێخ جەنگی دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک بەشداریی لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ناکات، چونکە "خوێندنی فاتیحەیە لەسەر گۆڕی یەکێتی و تەسفیەی حیسابە." ئەندامێکی سەرکردایەتیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک لیست ئامادە نەکراوە و "ئەندامانی کۆنگرە ئەندامانی سەرکردایەتی هەڵدەبژێرن."
ئاراس شێخ جەنگی: ئەم کۆنگرە بۆ ئەوەیە بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی بکەنە سەرۆک
رۆژی پێنجشەممە، 31-08-2023 ئاراس شێخ جەنگی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشداریی لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیدا ناکەم، چونکە ئەم کۆنگرەیە هیچ شەرعییەتێکی نییە."
ئاراس شێخ جەنگی، کەمیی دەرفەت بۆ ئامادەکاریی کۆنگرە بە هۆکارێکی نەبوونی شەرعیەتی کۆنگرە دەزانێت و دەڵێت "لانیکەم دەبوو چەند مانگێک دەرفەت هەبووایە بۆ ئامادەکاری."
رۆژی 02-11-2021، بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتی، ئاراس شێخ جەنگی بۆ ماوەی شەش مانگ لە کارەکەی سڕکرا، بەڵام دواتر سزاکەی سەری لادرا.
ئاراس شێخ جەنگی لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو دەڵێت: "لە ئێستاوە لیستی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییان ئامادەکردووە و ئەوانەشی نابێت بەشداربن یاخود دەربچن دەستنیشانکراون، هەروەها بڕیاریانداوە هەندێ لە سەرکردە دێرێنەکان بگەڕێننەوە، ئەمە تەسفیە حیسابە و دەشیانەوێ کاک بافڵ بە رەسمی بکەنە سەرۆک."
لەبارەی داهاتووی خۆشیەوە گوتی: "واز لە سیاسەت ناهێنم و بەردەوام دەبم، بەڵام جارێ نامەوێ لەبارەی داهاتوومەوە باسی هەموو شتێک بکەم."
ئاڵا تاڵەبانی: لەبارەی کۆنگرەوە هیچم پێنەگوتراوە
ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی و سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتییەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "هێشتا وردەکاریی کۆنگرەی پێنجەم نازانم و هیچم پێنەگوتراوە."
02-11-2021 بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی، لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی و ئاڵا تاڵەبانی، شادومان مەلا حەسەن و ژینۆ محەممەد، ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی لە ریزەکانی یەکێتی دوورخرانەوە، هەروەها ئاراس شێخ جەنگیش سڕکرا.
لەبارەی گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی ئاڵا تاڵەبانی گوتی: "هێشتا هیچم پێنەگوتراوە و بڕیاریشم لەوبارەوە نەداوە."
ئەندامێکی سەرکردایەتی: هیچ لیستێکی پێشوەختە ئامادەنەکراوە
بێستوون سابووراوایی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەنگۆی ئامادەکردنی لیست بۆ ئەندامانی داهاتووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی رەتکردەوە و بە رووداوی گوت، "بڵاوکردنەوەی هەر لیستێک دوورە لە راستی و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەی پێنجەمەوە بەوپەڕی ئازادانە هەڵدەبژێردرێن."
بێستوون سابووراوایی گوتی: "لیژنەیەک بۆ ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی پێنجەم دیاریکراوە و ئێستا دەستبەکارن، جارێ دیارنییە کەی هەڵبژاردنی نێوخۆیی بۆ ئەندامانی کۆنگرە دەکرێت."
ئارێز عەبدوڵڵا: ئەندامانی سەرکردایەتی بۆ نیوە کەمدەکرێنەوە
رۆژی 27-08-2023 ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەم کۆنگرەیەدا کۆتایی بە سیستمی هاوسەرۆکی دەهێنین، چونکە سیستمێکی شکستخواردوو بوو، لە کاتی خۆیدا زۆر هەوڵماندا ئەو سیستمە نەبێت، بەڵام دانرا."
لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیدا ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ 124 ئەندام زیادکرا، ئارێز عەبدوڵڵا گوتی: "لە کۆنگرەی پێنجدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لانیکەم بۆ نیوە کەمدەکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی زۆر بوو بڕیار وەرگرتنیش لە ئەنجوومەنەکەدا قورس بوو."
بڕیارە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە قەڵاچوالان دەکرێت
رۆژی یەکشەممە 20-08-2023، بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە لە کەرکووک کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت، یەکشەممە 27-08-2023 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی کۆنگرە کۆبووەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە کۆنگرەکە لە قەڵاچوالان بکرێت.
600 کەس دەبنە ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 600 ئەندام پێکدێت و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەبێ هەڵبژاردن دەبنە ئەندام.
رووداو زانیویەتی، دوای رەزامەندیی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە چەند رۆژی داهاتوودا، رەشنووسی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پێنجەم، دەدرێتە مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدات.