پاسەوانی سنووریی ئێران: لە سنووری بانە بازرگانێکی کحولمان کوشت
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی پاسەوانیی سنووریی ئێران دەڵێت، لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای سنە کەسێک ویستوویەتی "چەند هەزار لیترێک" کحول بە قاچاخ بباتە نێو خاکی ئێرانەوە، بەڵام "لە تێکهەڵچوونێکدا کوژراوە."
ئەحمەد عەلی گودەرزی، فەرماندەی هێزی پاسەوانیی سنووریی ئێران رایگەیاند، "ئەمساڵ بەقاچاخبردنی ماددەی سەرخۆشکەر بۆ ئێران، بەراورد بە پار زیادی نەکردووە، بەڵام دۆخی کۆڵبەران دەبێت رێکبخرێت بۆئەوەی کاڵا و کەلوپەل بۆ ئێران بە قاچاخ نەبرێت."
عەلیڕەزا مەرزبانی، فەرماندەی پاراستنی سنووری سنە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2020 گوتبووی، لە سنوورەکانی پارێزگای سنە، بەتایبەت سنووری بانە، "دووژمنەکان پیلانێکی نوێیان بەدەستەوەیە، ئەویش ئەوەیە بە قاچاخ کحول هاوردە بکەن و زەرەر و زیان بە بوارە کۆمەڵایەتییەکان بگەیێنن."
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا کڕین، فرۆشتن و خواردنەوەی ماددەی سەرخۆشکەر قەدەخەیە و هەرکام لەوانە سزای قورسی هەیە؛ هەرکەس لەسەر خواردنەوەی کحول بۆ جاری دووەم و سێیەم دەستگیر بکرێت، رووبەڕووی سزای سێدارە دەبێتەوە.
سەرەڕای ئەو یاسا سەختانەی کە حکومەتی ئێران بۆ رێگریکردن لە خواردنەوەی کحول دایناوە، خواردنەوەی بە نهێنیی کحول دیاردەیەکی زۆر باوە لەو وڵاتە. بەپێی راپۆرتی ساڵی 2019ی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەنێو 189 وڵاتی جیهاندا، ئێران لە پلەی نۆیەمدایە بۆ زۆر خواردنەوەی کحول.
ئەحمەد عەلی گودەرزی دەڵێت، "بەردەوام بەرەنگاری قاچاخچییەکانی کحول دەبینەوە و لە سنوورەکانی باکووری رۆژئاوا و باشوورەوە دەست بەسەر بارە کحولەکاندا دەگرین."
بە گوتەی فەرماندەی هێزی پاسەوانیی سنووریی ئێران، پرۆژەیەکی نوێ بۆ بە فەرمی ناسینی کۆڵبەرەکان و چاودێریی بەسەر کۆڵبەرەکاندا پەسند کراوە، بەڵام هەندێک کۆسپی هەیە و ئێستا تاوتوێی پرۆژەکە دەکرێت.