ژووری بازرگانیی هەڵەبجە: بەمنزیکانە رەزامەندیی کردنەوەی دەروازەی سازان بەدەست دەهێنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، کردنەوەی دەروازەی سنووریی سازان تەنیا واژۆی کۆتایی سەرۆکوەزیرانی عێراقی ماوە و دەتوانن لە ماوەیەکی نزیکدا رەزامەندیی کردنەوەی بەدەست بهێنن.
پێشەوا ئەحمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی پەیوەستە بە رەزامەندیی کردنەوەی دەروازەی سازانەوە سێ لایەنی سەرەکی هەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانن. ئەگەر بانگەشەی هەڵبژاردنەکان رێگر نەبێت، دەتوانین لە ماوەیەکی نزیکدا رەزامەندیی کۆتایی کردنەوەی دەروازەی سازان بە واژۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەدەست بهێنین. تاوەکو ئەو واژۆی نەکات، ئێمە ناتوانین بڵێین دەروازەکە کراوەتەوە."
لەنێوان پارێگای هەڵەبجە و پارێزگای کرماشاندا سێ یاداشتی لێکتێگەیشتن هەن کە لە هەرسێکیاندا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەروازەی سازان بۆ هەردوو لا گرنگە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە گوتی: "ئێران رەزامەندن و پێیان خۆشە، هەروەها سەرکۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی زۆر هاوئاهەنگمانە و هەمیشە لەسەر هێڵە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی نافەرمی لارینەبوونی بۆ کردنەوەی دەروازەکە پێشان داوە. گرنگترینیان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە کە ئەوانیش کۆمەڵێک رێوشوێنیان گرتووەتە بەر. ئەوان دەیانەوێت بەپێی یاسای ساڵی 2019 دەروازەکە راستەوخۆ پەیوەست بێت بە حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ ئەوەی کاروبارەکانی روون بێت. ئەوان ئەگەر ئەم رەزامەندییە بدەن تەنیا لەبەر خەڵکی هەڵەبجەیە بۆیە دەیانەوێت ئەو کێشانەی لە دەروازەکانی دیکەدا هەیە لێرە نەبێت."
پێشەوا ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا کە ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، لە حکومەتی عێراق بۆ هەڵەبجە چاوپۆشی لە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەن و زۆر ئەو بابەتانە ناخوێننەوە و گوتیشی: "قسەمان لەگەڵ بەرپرسی دەروازە سنوورییەکانی عێراقدا کردووە کە زۆری پێ خۆشە، بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەییش لەبەر هەڵەبجە واژۆی کردووە، ئێستا واژۆی مستەفا کازمیی ماوە کە ئەویش ناڕاستەوخۆ گوتوویەتی پێم خۆشە کارێک بۆ هەڵەبجە بکەم."
لەو کاتەوەی هەڵەبجە بووەتە پارێزگا کۆمەڵێک قەیرانی وەک شەڕی داعش، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە وایان کرد کە نەتوانرێت ئەو پێگەیەی کە دراوە بە هەڵەبجە سوودی بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی شارەکە لێ وەربگیردرێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە ئەوەشی گوت، "تاوەکو ئەم قۆناخەی ئێستا بە شێوەیەکی گشتی تەنیا لە رووی مەعنەوییەوە هەڵەبجە لە بەپارێزگابوونی سوودمەند بووە. هەڵەبجە کە هێمای ستەمدیدەیی گەلی کوردستانە وەک پێویست لەلایەن حکومەتەوە ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە. لە پارێزگاکانی دیکەدا بەردی بناخەی چەندین پرۆژەی ستراتیژی دانراون، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هەڵەبجە بەردی بناخەی هیچ پرۆژەیەکی ستراتیجی دانەنراوە."
هەڵەبجە سنوورێکی درێژی لەگەڵ ئێراندا هەیە، تەنیا دوو دەروازەی سنووریی نیمچە فەرمیی لەسەرە کە تەوێڵە و پشتەن.
پێشەوا ئەحمەد رایگەیاند، "پشتە سوودی بۆ گەرمیان هەیە، چونکە رێگەکانی نایەنەوە سەر هەڵەبجە. ئەوەی تەوێڵەیش بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەوە زیاتر بۆ گەشتیارییە تا بۆ بازرگانی، بەڵام ئێستا لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بتوانین دەروازەی سازان بکەینەوە کە ئەو کات هەڵەبجە بکاتە رێڕەوێکی بازرگانی و، راستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر بووژاندنەوەی ناوەندی پارێزگاکە و چەندین هەلی کار دەڕەخسێنیت."
هەڵەبجە لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و، لە ساڵی 1999 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەکو پارێزگا ناسێنرا و یاسایەکی تایبەتی بۆ دەرکرا، لە رێکەوتی 13ـی ئاداری 2014 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کاتێک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بوو، بڕیاری بە پارێزگاکردنی بۆ دەرچوو، لە 31ی کانوونی یەکەمی 2013 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵەبجەی بەپارێزگا ناساند، بەڵام کارەکانی تەواونەکرا.