چوار پڕۆژەی دووساید بە گوژمەی 4 ملیار و 382 ملیار دینار لە دارەتوو کاریان تێدا دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی دارەتوو لە پارێزگای هەولێر، چوار پڕۆژەی شەقامی دووسایدی 30 مەتری کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. سەرۆکی شارەوانیی ناحیەکە دەڵێت، گوژمەکە 4 ملیار و 382 ملیۆن دینارە.
ئەمڕۆ چوارشەممە رەوەند قادر، سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یەکێک لە پڕۆژەکان لە گەڕەکی ژینە بە ئاراستەی گوندی باغمرەفەندی بە درێژایی 3 کیلۆمەتر بە تەواوی بڕگەکانیەوە، وەکو ئاوەڕۆ و پێداویستییەکانی دیکە، بە گوژمەی دوو ملیار و 422 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت."
یەکێکی دیکە لە پرۆژەکان کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت دووسایدی نێوان دارەتووی کۆن و دارەتووی نوێیە بە ئاراستەی ناوچەی پیشەسازی. سەرۆکی شارەوانی دارەتوو دەڵێت، "ئەو پڕۆژەیە دوو کیلۆمەترە و بە دانانی دەبڵ ئاوەڕۆ بە گوژمەی ملیارێک و 455 ملیۆن دینار جێەبجێ دەکرێت."
هەروەها دووسایدکردنی گەڕەکی نیشتمان و گەڕەکی هەرێم لە ناحیەی دارەتوو چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڕێوەبەری شارەوانی ناحیەکە دەڵێت، ئەو پرۆژەیە درێژییەکەی 500 مەترە و بە 267 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.
پرۆژەی قیرتاوکردنی سایدی یەکەمی ناوچەی پیشەسازیی دارەتوو بە درێژایی هەزار و 300 مەتر بە گوژمەی 238 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت. رەوەند قادر گوتی، "ئەو پرۆژەیە بەشێکی کارەکانی ساڵی 2014 تەواوکراوە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو، ئێستا کاری تێدا دەکرێت و تەواو دەکرێت".