ئاسایشی هەولێر: تەقەکەرانی ماڵی محەممەد بامەندی کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی، دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی هەولێر دەڵێت، ئەو تۆمەتبارانەی کە "لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی" تەقەیان لە ماڵی هونەرمەندی میللی شاری هەولێر محەممەد بامەندی کرد و بوونە هۆکاری گیانلەدەستدانی، دەستگیرکران.
تەقەکەرەکە، بەگوێرەی راگەیێندراوی ئاسایش، ناوی (ش، م، ع) بووە و دوو برای بەناوەکانی (ر، م، ع) و (ح، م، ع) دەستگیرکران.
دەستگیرکردنەکان، وەک ئاسایش دەڵێت، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بووە و تۆمەتبارەکان رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
رۆژی یەکشەممە 30-07-2023، هونەرمەند هونەر بندیان بە رووداوی راگەیاند، هونەرمەندی میللی شاری هەولێر محەممەد بامەندی بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە.
هونەر بندیان گوتی، "پێش ئەوەی جەڵتە لێی بدا، شەڕ و دەمەقاڵێ دروستبووە و تەقە لە ماڵیان کراوە، ئەویش جەڵتە لێی داوە و تاوەکو گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، کۆچی دوایی کردووە."