لە چەند فەرمانگەیەکی هەڵەبجە و چەمچەماڵ دژی پێنەدانی مووچە بایکۆتی کارکردن کرا
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان کرد. فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی چەمچەماڵ و فەرمانگەی قەرزی بچووکی قەزاکەش مانگرتنیان لە کار راگەیاند. لە شارەوانییەکانی سلێمانیش کە دوێنێ بایکۆتی کارکردنیان کردبوو، ئەمڕۆ چوونەوە سەر کار.
فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی هەڵەبجە ئەمڕۆ (دووشەممە، 31ـی تەمموزی 2023) مانگرتنیان لە کارکردن راگەیاند. محەممەد فەتاح، بەڕێوەبەری رۆشنبیریی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، فەرمانبەران بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموز، بایکۆتیان راگەیاندووە و چوونەتەوە ماڵەوە.
هەر ئەمڕۆ، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی چەمچەماڵ و فەرمانگەی قەرزی بچووک کە هەردووکیان لە یەک باڵەخانەدان، مانگرتنیان لە کارکردن راگەیاند.
بارزان کەریم، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاتێک فەرمانبەر کاردەکات لەبەرامبەردا مافێکی هەیە؛ کە مافەکەی وەرنەگرت، ناڕەزایی دەردەبڕێت و مانگرتنی ئەمڕۆ لەو چوارچێوەیەدا بوو، بەڵام دوای دوو کاژێر و گەیشتنی پەیامەکەیان، مانگرتن کۆتاییهات و ئێستا کاروباری هاونیشتمانییان رایی دەکرێت".
لەگەڵ کۆتاییهاتنی مانگرتنی فەرمانبەرانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی قەرزی بچووکیش لە چەمچەماڵ مانگرتنیان شکاند و دەستیان بە کارکردن کردەوە.
دوێنێ، سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد و گەڕانەوە ماڵەوە؛ ئەمڕۆ دووشەممە، ئاوات دەباخ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ دەوام ئاسایی بووە و فەرمانبەران گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.
سبەی 1ـی ئابە، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموزیان وەرنەگرتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی یاسای بودجە، دابینکردنی مووچە کەوتووەتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، حکومەتی عیراقیش تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.