لە هەڵەبجە مام و برازایەک بریندار کران
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن چەند کەسێکەوە تەقە لە گەنجێک و منداڵێکی برازای دەکرێت و بریندار دەکرێن.
رووداوەکە نیوەڕۆی هەینی 31ی ئایار لەنزیک گوندی خێڵی حەمە لە سنووری هەڵەبجە روویداوە. سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سنوورەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رووداوێکدا بە گولـلە دوو کەس بریندار کراون و بۆ زانینی هۆکاری رووداوەکە پۆلیسی هەڵەبجە لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە."
ئەو دوو کەسەی بریندار کراون مام و برازان. کەسوکاریان بۆ سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە قسەیان کردووە و دەڵێن، "منداڵەکانیان سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵ بوون و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت سەرەتا پرسیاری ماڵی کەسێکی لێکردوون، ئەوانیش گوتوویانە نازانن، بەڵام دواتر گەڕاونەتەوە و تەقەیان لێکردوون."
ئەو دوو کەسەی بریندار کراون گەورەکەیان ناوی شاهان مەحموودە و تەمەنی 21 ساڵە و برازاکەشی منداڵێکی 11 ساڵانە.
منداڵەکە لە فریاکەوتنی هەڵەبجە لەژێر چاودێریی پزیشکدایە. پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە گوتی، "شاهان سێ گولـلەی بەرکەوتووە و رەوانەی سلێمانی کراوە و لەوێ نەشتەرگەری بۆ دەکرێت."
تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر رووداوەکە بڵاو نەکردووەتەوە.