هاونیشتمانییەک بە هەڵە 15 دۆنم گەنمی خۆی سووتاند
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی ئاگرکەوتنەوەدا لە سنووری قەزاکانی پشدەر و دووکان، نزیکەی 19 دۆنم زەویی بە گەنم چێندراوی جووتیاران سووتا.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024 عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە گوندی چۆمخڕکە سەید ئەحمەدان لە قەزای پشدەر جووتیارێک سەرقاڵی لەحیمکردن بووە، بەهۆیەوە شۆرتی کارەبا دروستبووە و نزیکەی 15 دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوی خۆی سووتاوە."
هەر ئەمڕۆ لە ناحیەی خدران لە قەزای دووکان، ئاگر لە زەوییەکی بە گەنم چێندراو کەوتەوە، بەڵام بەهۆی نزیکی تیمێکی بەرگریی شارستانییەوە ئاگرەکە زوو کۆنترۆڵ کرا و نزیکەی چوار دۆنم گەنم سووتا.
لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەرمادا، سووتان و ئاگرکەوتنەوە زیاتر دەبن.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، ئەم مانگە لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 600 دۆنم زەوی بە گەنم چێندراو بە هۆکاری جیا سووتاون؛ لە سنووری پارێزگای سلێمانیش 400 دۆنم زەوی و پوشوپاوان سووتاون.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ تاوەکو 21ی ئایار، زیاتر لە 1292 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خنکان و هەڵدێران روویانداوە؛ بەهۆیانەوە 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.