باڵیۆزی جۆرجیا: پێزانینمان بۆ خەباتی مێژوویی سەرۆک بارزانی هەیە


رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی جۆرجیا لە عێراق سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا "ویستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و دانانی كۆنسوڵی فەخری ئەو وڵاتە لە شاری هەولێر خستەڕوو."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 31-05-2021 سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە زازا کاندیلاک، باڵیۆزی جۆرجیا لە عێراق کرد و کۆبوونەوەیەکیان کرد، بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، "باڵیۆزی جۆرجیا پێزانینی هەبوو بۆ خەباتی مێژوویی سەرۆك بارزانی و، تێكۆشان و قوربانیدانی گەلی كوردستان لە رێگەی ئازادی بەرزنرخاند".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی جۆرجیا دەربڕی و هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن.
 
دەقی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی:
 
ڕۆژی دووشەممە ٣١ـی ئایاری ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە زازا كاندیلاكی باڵیۆزی جۆرجیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی جۆرجیا لە عێراق پێزانینی هەبوو بۆ خەباتی مێژووی سەرۆك بارزانی و، تێكۆشان و قوربانیدانی گەلی كوردستان لە ڕێگەی ئازادی بەرز نرخاند. هەروەها ویستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و دانانی كونسوڵی فەخری ئەو وڵاتە لە شاری هەولێر خستەڕوو.
 
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بۆ پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی جۆرجیا دەربڕی و هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن.