دوو کرێکار لە سلێمانی لەکاتی کارکردندا لە باڵەخانەیەک کەوتنەخوارەوە و گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
دوو کرێکار لەکاتی کارکردندا لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی کەوتنەخوارەوە و بە گوتەی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، هەردوو کرێکارەکە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی ئادار، شایەتحاڵێک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوو کرێکار لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بەناوی دەروو سیتی لە گەڕەکی راپەڕین، کە کاری تێدا دەکرێت، کەوتوونەتە خوارەوە و گیانیان لەدەستداوە.
لەوبارەیەوە سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رووداوەکەدا دوو کرێکار کەوتوونەتە خوارەوە و دەستبەجێ هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە."
هاوکات چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە رووداوی گوت، لە رووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە و سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ زانینی هۆکاری رووداوەکە و دەستنیشانکردنی لایەنی کەمتەرخەم.
لەبارەی ناسنامەی دوو کرێکارەکە، شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت، هەردووکیان خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانن و بۆ کارکردن هاتوونەتە سلێمانی.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ساڵی رابردوو 73 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
ساڵی رابردووش لە رۆژی 11-06-2023، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی کرێن تاوەرێک لە هەمان پڕۆژە لە گەڕەکی راپەرینی سلێمانی، سێ کرێكار گیانیان لەدەستدا.