ئاماری پۆلیس؛ له دوو ساڵی رابردوودا 171 كرێكاری بیانی له كوردستان مردوون
رووداو – هه‌ولێر
به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌رێمی كوردستان، له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا 171 كرێكاری بیانی له هه‌رێمی كوردستان مردوون. كه له‌نێویاندا 25 ئافره‌تی تێدایه، به‌شێك له‌وانه كوژراون یان خۆیان كوشتووه، زۆربه‌شیان به جه‌ڵته‌ی دڵ مردوون.
مۆنتی لامبو، كچێكی ته‌مه‌ن 31 ساڵی نیپاڵییه، ماوه‌ی پێنج ساڵه بۆ كاركردن له هه‌رێمی كوردستانه و له ماڵێكدا خزمه‌تكاره، ئه‌و چیرۆكی خۆخنكاندنی دامایای هاوڕێی بۆ (رووداو) گێڕایه‌وه و گوتی: "له‌گه‌ڵ دامایا له قۆناغی سه‌ره‌تایی هاوپۆل بووین، دوای وازهێنانم له قوتابخانه، ئیتر له نیپاڵ نه‌مبینییه‌وه، ساڵی 2017 به‌ڕێكه‌وت له مۆڵێكی هه‌ولێر بینیم، زۆر دڵخۆش بووم، وه‌ك بڵێی یه‌كێك له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌م بێت".
مۆنتی ئێستا ده‌ڵێ خۆزگه هاوڕێكه‌مم هه‌ر نه‌بینیبایه‌وه، چونكه: "دامایا ژنێكی داڕووخاو و دایكێكی به‌دبه‌خت بوو، خاوه‌نی دوو منداڵ بوو، كچه‌كه‌ی ئۆتیزمی هه‌بوو، بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانیان هاتبووه كوردستان، به‌ڵام لێره پاره‌ی كه‌می ده‌ستده‌كه‌وت كه به‌شی چاره‌سه‌ری كچه‌كه‌ی نه‌ده‌كرد، قه‌رزداری و دووری له منداڵه‌كانی ته‌واو بێهیوایان كردبوو، بۆیه ساڵی 2018 له‌و ماڵه‌ی كاری لێده‌كرد، خۆی خنكاند".
دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك، به‌هاوكاریی ئه‌و كۆمپانیایه‌ی بۆ كار هێنابووی و خاوه‌نی ئه‌و ماڵه‌ی كاری تێدا ده‌كرد، ته‌رمی دامایا نێردرایه‌وه بۆ نیپاڵ.
رۆژێك بۆ ده‌رده‌دڵی
كرێكاره نیپاڵییه‌كان رۆژێكیان بۆ ده‌رده‌دڵ ته‌رخان كردووه، چیرۆكی سه‌یر له‌نێوان خۆیاندا باس ده‌كه‌ن. وه‌ك مۆنتی ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم مانگی رۆژێك ده‌هاتینه ده‌ره‌وه و كۆده‌بووینه‌وه، هه‌ریه‌كه به خه‌مێكه‌وه ئازار ده‌چێژین، هاوڕێكانمان باسیان له‌وه ده‌كرد كه چۆن چه‌ندین جار له‌لایه‌ن خاوه‌ن كاره‌كانیانه‌وه ده‌ستدرێژییان كراوه‌ته سه‌ر، هه‌ندێكیان هه‌وڵی خۆكوشتنیان دابوو".
مۆنتی له مامه‌ڵه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی كرێكاره بیانیه‌كانیان له‌خۆگرتووه نیگه‌رانه و ده‌ڵێ :"لێره زۆربه‌مان به‌تایبه‌ت ره‌شپێسته‌كان، وه‌ك كۆیله‌یه‌ك سه‌یر ده‌كرێین، زۆربه‌ی هاوڕێكانم به‌م هه‌ڵسوكه‌وته ئازاری ده‌روونی ده‌چێژن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و هۆكاره سه‌ره‌كیانه‌ی كه واده‌كات كرێكاره بیانییه‌كان به ژن و پیاوه‌وه خۆیان بكوژن".
تانیا كچێكی دیكه‌ی نیپاڵییه و ماوه‌ی 2 ساڵه بۆ كاركردن هاتووه‌ته هه‌ولێر، ئه‌و به‌پێچه‌وانه‌ی مۆنتی به (رووداو)ی گوت: "ئه‌گه‌ر به‌پێی دابونه‌ریتی ئه‌و خێزانانه‌ی كاریان بۆ ده‌كه‌ین هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین و كاری به‌دڕه‌وشتی نه‌كه‌ین، رووبه‌ڕووی هیچ كێشه‌یه‌ك نابینه‌وه، ئێمه‌ش بۆ گه‌شت نه‌هاتووین، بۆ كاركردن هاتووین و ده‌بێت به‌رگه‌ی ناڕه‌حه‌تییه‌كانیش بگرین".
171 كرێكاری بیانی مردوون
به‌پێی ئاماری پۆلیسی هه‌رێمی كوردستان، له دوو ساڵی رابردوودا 171 كرێكاری بیانی له هه‌رێمی كوردستان به‌هۆكاری جیاجیا گیانیان له‌ده‌ستداوه.
له ساڵی 2018 و 2019 له پارێزگای دهۆك 37 حاڵه‌تی مردن تۆماركراوه كه زۆربه‌یان كرێكاری سووری و ئێرانی و توركی بوون، 34 له‌و كرێكارانه به‌هۆی نه‌خۆشی، جه‌ڵته، ته‌زووی كاره‌با و كه‌وتنه‌خواره‌وه له باڵه‌خانه و رووداوی هاتوچۆ مردوون، سێ كرێكاریش (دوو نێر و یه‌ك مێ) خۆیان خنكاندووه.
له پارێزگای هه‌ولێر له دوو ساڵی رابردوودا 38 حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدانی كرێكاری بیانی تۆماركراوه. له 2018ـدا 10 كرێكار گیانیان له‌ده‌ستداوه كه حه‌وتیان به‌هۆی نه‌خۆشی و به‌تایبه‌ت به‌هۆی جه‌ڵته بووه، 2 ژنیش كه ره‌گه‌زنامه‌یان سووری و نیپاڵییه به په‌ت خۆیان خنكاندووه، ژنێكی دیكه‌ی نیپاڵیش له‌نێو ماڵی خاوه‌ن كاره‌كه‌ی له‌لایه‌ن دزێكه‌وه كوژرا.
له ساڵی 2019 حاڵه‌تی خۆكوشتن و مردنی كرێكاره بیانییه‌كان له هه‌ولێر زیادی كردووه بۆ 28 حاڵه‌ت كه هه‌شت له‌وانه خۆكوشتن بوون، (دوو ژن و شه‌ش پیاو) چواریان سووری بوون، ئه‌وانی دیكه‌ش ئێرانی، نیپاڵی، فلیپینی و به‌ریتانی. هه‌روه‌ها كرێكارێكی نیپاڵیش له شارۆچكه‌ی عه‌نكاوه له‌سه‌ر شه‌قام به چه‌قۆ كوژراوه، ژنێكی توركیش گومانی كوژرانی لێده‌كرێ. كرێكارێكی به‌نگلادشیش له‌كاتی پاككردنه‌وه‌ی ته‌نه‌كه‌ی خۆڵی هاووڵاتییه‌ك كه بۆمبێكی تێدا دانرابوو، مردووه. هۆكاری مردنی 17 كرێكاره‌كه‌ی دیكه‌ش جه‌ڵته، ته‌زووی كاره‌با، كه‌وتنه‌خواره‌له شوێنی كار و، رووداوی هاتوچۆ بووه.
زۆرترین حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدانی كرێكاری بیانی له سنووری پارێزگای سلێمانی بووه كه به‌پێی ئاماره‌كه‌ی پۆلیسی هه‌رێم، له‌و دوو ساڵه‌دا 66 حاڵه‌ت بووه، به‌ڵام هیچ حاڵه‌تێكی كوشتن و خۆكوشتنی كرێكارانی ئافره‌تی تێدا نییه.
به‌پێی ئاماره‌كه، له ساڵی 2018دا 29 كرێكاری بیانی له سلێمانی گیانیان له‌ده‌ستداوه، ته‌نیا یه‌كێكیان له ره‌گه‌زی مێیه كه كچێكی شه‌ش ساڵانی سوورییه و به رووداوی هاتوچۆ مردووه. چوار كرێكاریش كوژراون كه سووری، ئێرانی و نیپاڵین، گه‌نجێكی ئێرانییش خۆی كوشتووه. 24 حاڵه‌ته‌كه‌ی دیكه‌ش به‌هۆی رووداوی هاتوچۆ، جه‌ڵته، ته‌قینه‌وه‌ی مین، ته‌زووی كاره‌با و كه‌وتنه‌خواره‌وه له باڵه‌خانه بووه.
به‌ڵام له ساڵی 2019دا 37 كرێكاری بیانی له سلێمانی گیانیان له‌ده‌ستداوه، ته‌نیا یه‌كێكیان له ره‌گه‌زی مێیه، ژنێكی فلیپینییه و به رووداوی هاتوچۆ مردووه. سێ كرێكاریش به چه‌قۆ كوژراون، و سێ كرێكاری دیكه‌ش خۆیان كوشتووه كه دوویان خۆهه‌ڵواسین بووه به په‌ت. 31 حاڵه‌ته‌كه‌ی دیكه‌ش به‌هۆی رووداوی هاتوچۆ، جه‌ڵته، ته‌قینه‌وه‌ی مین، ته‌زووی كاره‌با و كه‌وتنه‌خواره‌وه له باڵه‌خانه بووه.
له قه‌زا و ناحیه‌كانیشدا زۆرترین حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان له قه‌زای سۆران بووه. له ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا 19 حاڵه‌ت تۆماركراوه.
له ساڵی 2018 شه‌ش حاڵه‌تی مردن له قه‌زاكه تۆماركراون كه به‌هۆی خنكان، رووداوی هاتوچۆ و كه‌وتنه‌خواره‌وه له‌سه‌ر باڵه‌خانه بووه.
ساڵی 2019ش 13 حاڵه‌تی مردن هه‌بووه، 4 حاڵه‌تیان كوشتن بووه، دوو له‌وانه به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بووه، دووانیشیان به‌هۆی ته‌قه‌ی پاسدارانی ئێرانی و په‌كه‌كه له‌سه‌ر سنوور كوژراون، 5 حاڵه‌تی ره‌قبوونه‌وه‌ش له‌سه‌ر سنووری توركیا هه‌بووه، ئه‌وانی دیكه‌ش به‌هۆی نه‌خۆشی، خنكان له ئاو و هۆكاری نادیار مردوون.
ساڵی 2019 له گه‌رمیان ته‌نیا دوو حاڵه‌تی سووتانی كرێكاری بیانی له‌نێو كابینه‌یه‌كدا تۆماركراون كه ئه‌وانیش سوورین و له ره‌گه‌زی نێرن.
به‌ڵام هه‌ر له‌و ساڵه‌دا له راپه‌ڕین 6 حاڵه‌تی مردن تۆماركراون، دوو له‌وان كه فینله‌ندی و به‌ریتانین و له ره‌گه‌زی نێرن، خۆیان كوشتووه.
هه‌ر له راپه‌ڕین و له ساڵی 2018، دوو حاڵه‌تی سووتان و یه‌ك رووداوی كوشتن هه‌بووه كه هه‌رسێكیان ئێرانین و نێرن.
به‌پێی ئاماره‌كه‌ی پۆلیسی هه‌رێم، له‌كۆی ئه‌و 171 كرێكاره بیانییه‌ی له كوردستان مردوون، 25ـیان له ره‌گه‌زی مێن كه‌یه‌كێكیان كچێكی ته‌مه‌ن 6 ساڵانه.
جه‌ڵته‌ی دڵ هۆكاری یه‌كه‌می مردنه
جه‌ڵته‌ی دڵ هۆكاری مردنی زۆربه‌ی كرێكارانی بیانییه له هه‌رێمی كوردستان، به‌گوته‌ی زۆربه‌ی ئه‌و كرێكاره بیانییانه‌ی بۆ (رووداو) قسه‌یان كردووه، هه‌ژاری و خه‌مخواردن له دووریی له خێزانه‌كانیان، هۆكاره بۆ تووشبوونیان به جه‌ڵته.
ره‌زا ره‌حمانی كه 9 ساڵه له مهاباده‌وه بۆ كاركردن هاتووه‌ته سلێمانی، به (رووداو)ی راگه‌یاند: "له ماوه‌ی كاركردنم زیاتر له 50 كرێكاری ئێرانی له سلێمانی مردوون، هه‌ندێكیان به‌هۆی كه‌وتنه خواره له‌سه‌ر بینا و ته‌زووی كاره‌با بووه، به‌ڵام زۆربه‌یان به‌هۆی جه‌ڵته‌ی دڵ مردوون، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر خۆشگوزه‌رانی و خواردنی چه‌ور نییه، بۆ خراپیی باری ئابووری و خه‌می دووری له كه‌سوكاریان ده‌گه‌ڕێته‌وه، كرێكار هه‌یه رۆژ تا ئێواره دینارێكی ده‌ستناكه‌وێ، پاره‌ی نان و شوێنی خه‌وی نییه، شه‌و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌كاته‌وه، چۆن جه‌ڵته لێی نادات؟!"
ره‌زا له كاره‌كه‌ی رازی نییه و ده‌ڵێت: "به‌هۆی كه‌میی ئامێر و پێداویستیی كاركردن، رۆژ له‌دوای رۆژ حاڵه‌ته‌كانی مردنی كرێكارانی بیانی زیاتر ده‌بێت، رۆژانه كیسه چیمه‌نتۆ و بلۆك بۆ باڵه‌خانه‌ی 10 نهۆمی سه‌رده‌خه‌ین، له‌كاتی كاركردندا هه‌ردوو پێ و ده‌ستم شكاوه و چه‌ند جارێك له مردن رزگارم بووه".
30 هه‌زار كرێكاری بیانی له كوردستانن
به‌پێی به‌دواداچوونی رێكخراوێكی داكۆكیكار له مافی كرێكارانی بیانی، ئه‌و كرێكارانه بازرگانییان پێوه ده‌كرێت و به‌ره‌وڕووی ده‌ستدرێژیش ده‌بنه‌وه. محه‌ممه‌د هه‌ژار، سكرتێری رێكخراوی رۆشنبیری و داكۆكیكار له مافی كرێكارانی بیانی به (رووداو)ی راگه‌یاند: "له هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 30 هه‌زار كرێكاری بیانی هه‌ن، له‌ڕێگه‌ی 163 كۆمپانیاوه به فه‌رمی و به قاچاخ بۆ كاركردن هێنراونه‌ته كوردستان، هه‌ندێك له كۆمپانیاكان بازرگانی به‌و كرێكارانه‌وه ده‌كه‌ن، چه‌ندین كه‌یسی وا له رێكخراوه‌كه‌ی ئێمه تۆماركراون و له چه‌ند رۆژی داهاتوودا ئاماره‌كان راده‌گه‌یه‌نین".
محه‌ممه‌د هه‌ژار گوتیشی: "ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی به‌رامبه‌ر كرێكاره بیانییه‌كان ده‌كرێن، زۆرترینی بریتین له لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دان، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی پاسپۆرت، به‌ندكردن، پێنه‌دانی كرێی كار، ده‌ستدرێژی و بازرگانیكردن پێیانه‌وه".
محه‌ممه‌د هه‌ژار كه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر وه‌زیری كاری بینیوه، نامه‌یه‌كی داوه‌تێ بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌یه‌نێته ده‌ستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كه چه‌ند داواكارییه‌كی بۆ پشتگیری له كرێكارانی بیانی تێدایه.
له‌باره‌ی خراپیی بارودۆخی كرێكارانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان، كوێستان محه‌ممه‌د، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی گوتی: "به دوو رێگه كرێكاری بیانی ده‌هێنرێنه كوردستان: رێگای یاسایی كه له‌ڕێگه‌ی كۆمپانیا و به‌پێی گرێبه‌ست دێن، ئه‌مانه هه‌ر كێشه‌یه‌كیان هه‌بێت به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین. هه‌روه‌ها به‌ڕێگای قاچاخیش كرێكار له به‌غدا و وڵاتانه‌وه به‌بیانووی گه‌شتكردن ده‌هێنرێن".