وەزیری دەرەوەی رووسیا لەبارەی سووریا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئێران قسە دەکات

 رووداو دیجیتاڵ
کۆسار عوسمان و نیاز مستەفا

سێرگی لاڤرۆڤ لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی سووریا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئێران کرد.
 
ئاژانسی فەرمیی دەوڵەتی تورکیا رایگەیاند هاکان فیدان و سێرگی لاڤرۆڤ دۆخی سووریا و کۆبوونەوەکانی ئەستانەیان تاوتوێ کردووە.
 
دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکان، رۆژی چوارشەممە 27-11-2024 دەستیان بە هێرشێکی کتوپڕ کرد بۆ سەر شاری حەلەب و بەردەوامن لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ئەو پارێزگایە. 
 
هێرشەکە لەکاتێکدا بوو؛ ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و پشتیوانییان لە هێزەکانی سووریا کردووە، بە شەڕی ئیسرائیلەوە سەرقاڵن.
 
تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە شەڕی نێوان سوپا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا کوژراون، گەیشتووەتە سەرووی 310 کەس. 
 
کوژراوانی دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی هاوپەیمانی گەیشتوونەتە 183 کەس و ژمارەی کوژراوانی سوپای سووریاش گەیشتووەتەوە 100 کەس؛ هەروەها 28 کەسی سیڤیلیش لەنێو کوژراواندان.
 
هەر ئەمڕۆ میدیای ئێران بڵاویکردەوە، سێرگی لاڤرۆڤ و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان کرد. 
 
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەشدا، هەردوولا پاڵپشتی خۆیان بۆ "سەروەری و یەکگرتوویی سووریا دەربڕی." جەختیان لەوە کردەوە "پاڵپشتی حکومەت و سوپای سووریان لە رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان."
 
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و رووسیا ئاماژەیان بەوەش کردووە؛ پێویستە پرسی سووریا لەسەر بنەمای گفتوگۆکانی ئەستانە چارەسەر بکرێت. لەهەمان کاتدا جەختیان لە پێویستیی هاوئاهەنگیی نێوان رووسیا، ئێران و تورکیا لە پرۆسەی چارەسەری کردەوە. 
 
تاوەکو ئێستا 16 گەڕی گفتوگۆکانی ئەستانە بەڕێوەچوون کە یەکەمیان لە ساڵی 2017 و دوایینیان تەممووزی ئەم ساڵ لە ئەستانە بوون.
 
ئامانج لە گفتوگۆکانی ئاستانە؛ کۆتاییهێنانە بە شەڕی نێوخۆیی سووریا کە لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و دواتر ژمارەیەک هێزی هەرێمی و نێودەوڵەتیش چوونە نێوییەوە.
 
رووسیا، تورکیا و ئێران وەک گەرەنتیکار و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەکو چاودێر لە گفتوگۆکانی ئاستانە بەشدارن، لایەنی سەرەکیی گفتوگۆکانیش، حکومەتی سووریا و لایەنە سوورییە دژبەرەکانی بوون.