لە هەولێر ماڵێک بۆ مەقامبێژان دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بۆ زیاتر پەرەپێدانی هونەری مەقامبێژی لە زانکۆی جیهان لە هەولێر "ماڵی مەقام" کرایەوە و چەندین کوڕ و کچ و هونەرمەند و مەقامبێژ سەردانی ماڵی مەقام دەکەن، هەندێکیان دەنگیان تاقیدەکەنەوە و بەشێکیشیان دەیانەوێت زیاتر لەبارەی مەقامەوە بزانن. 
 
زیاد کەریم، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای رۆشنبیریی زانکۆی جیهان لەبارەی کردنەوەی ماڵی مەقامەوە دەڵێت، "مەبەستمانە ماڵێک هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بەم هونەرە بدەین و وەکو سەنتەرێکی توێژینەوە و راهێنانی مەقام و ئەوانەی حەز بەو هونەرە دەکەن و دەنگ خۆشن رادەهێندرێن لە سەر مەقام."
 
کارەکە سەنتەری رۆشنبیریی زانکۆی جیهان پێی هەڵساوە و ئەو ماڵەی کردەوە، ژمارەیەک مەقامبێژ و شارەزای هونەری مەقامی بانگهێشت کردوون.
 
نایف محەمەد، میوزیکژەنە و لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە دەڵێت، "مەقام مۆرکێکی کوردی روون و ئاشکرای پێوە دیارە و زاراوەکان بە جوانی دەردەخات، مەقامی کفری و کەرکوک و دەشتی هەولێر و هەموو ئەوانە روون دیارن بەیتمان هەیە لە موکریان و لاوکمان هەیە لە باکوور، ئەو فۆڕمانە هەمووی فۆڕمی کوردین دەتوانین کارییان لەسەر بکەین." 
 
مەقام یەکێکە لە پەیژە سەرەکییەکانی مۆسیقای ڕۆژھەڵات. شێوازە رەسەنەکەی لەسەر تۆنی رێیە. راست و بەیات، دوو جۆر لە مەقامە باوەکانی نێو مۆسیقای کوردین، تێکەڵی بۆنە و یادە خۆش و ناخۆشەکان بوون. مەقامە کوردییەکان سوودی بە مەقامبێژانی میللەتەکانی دیکەش گەیاندووە.
 
جەودەت ئەربیلی، مەقامبێژە لەبارەی مەقامی کوردییەوە دەڵێت، "بێگومان هونەرمەندە کوردەکان بوونەتە سەرچاوەی باشی مەقام بۆ ئێمە مانان و لە رێگەی ئەوانەوە، ئێمە چووینەتە نێو هونەری مەقام، جا ئەو هونەرمەندانەی لە سەردەمی ئەوان ژیاون باشتر ئەو کاریگەرییەیان لەسەرە."
 
زۆربەی بەڵگەنامە و نووسینە دێرینەکان ئاماژە بەوە دەکەن مەقام یەکەم جار لە داستانە دێرینەکانی کورد سەری هەڵداوە و وتراوە. نزیکەی 360 جۆریشی هەن.