شارەوانیی کەلار: تیروپشک بۆ زەویی ماڵەکانی لیوا رەشەکە و جەمەلۆنەکە دەکرێت


رووداو هەولێر

سەرۆکی شارەوانیی کەلار رایگەیاند لە "زووترین کاتدا" تیروپشک بۆ دابەشکردنی ئەو زەوییانە دەکرێت کە دراونەتە دانیشتووانی باڵەخانەی لیوا رەشەکە و جەمەلۆنەکە لە کەلار.
 
رۆژی پێنجشەممە، 19-10-2022، ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە "بەمەبەستی قەرەبووكردنەوە و چارەسەركردنی گرفتەكانیان، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە تەرخانكردنی 163 پارچە زەوی بۆ ماڵەكانی هەردوو بینای (لیوا رەشەكە و جەمەلۆنەكە) لە شاری كەلار؛ ئەو ماڵانە شوێنەكەیان بۆ نیشتەجێبوون گونجاو نییە و مەترسیی رووخان و بوومەلەرزەیان لەسەرە".
 
هونەر فارس، یەکێک لەو کەسانەی ماڵیان لە لیوا رەشەکەیە و لە چاوەڕوانی قەرەبوودایە، رۆژی چوارشەممە، 30-11-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە قەرەبووکردنەوەمان بە زەوی، تاوەکو ئێستا لە شارەوانیی کەلار کارەکان وەکو پێویست بەڕێوەنابرێن، لەکاتێکدا بەشێکی خانووەکانی ئەم لیوا رەشە بەهۆی بارانبارینەوە ئەگەری رووخانیان هەیە و ئەوانەی تێیدا دەژین ژیانیان لە مەترسیدایە".
 
بەگوتەی هونەر فارس، دوو جووتیار ئامادەییان دەربڕیوە بە پێدانی 50 دۆنم زەویی خۆیان بە شارەوانیی کەلار بەو مەرجەی لە زەوییەکانی خۆیاندا قەرەبوو بکرێنەوە و شارەوانیش مەرجەکەی پەسەند کردووە، بەڵام دیارنییە کەی زەوییەکەیان پێدەدرێت.
 
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "618 دۆنم زەوی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە بۆ شارەوانیمان ئیفراز کراوە و تائێستا 900 پارچەی لێ دابەشکراوە و 37 جووتیار لە خاوەنی ئەو زەوییانەش قەرەبووکراونەتەوە. بەهۆی خراپیی شوێنی نیشتەجێبوونی هاونیشتمانییانی لیوا رەشەکە و جەمەلۆنەکە، پەلەمان کردووە و لیژنەیەکمان پێکهێناوە بە بەشداربوونی داواکاری گشتی. هەفتەی داهاتوو کۆدەبنەوە و دوای لێکۆڵینەوەکانیان تیروپشک بۆ پێدانی زەوی بەو ماڵانە دەکرێت کە بڕیاری قەرەبوویان دراوە".

 

 
سەرۆکی شارەوانیی کەلار رەتیکردەوە هیچ جووتیارێک زەویی پێدابن، بەڵکو وەزارەتی کشتوکاڵ زەوی بۆ ئیفرازکردوون. گوتیشی: "ئەو شوێنەی دیاریکراوە زەویی کشتوکاڵی دوو جووتیار بووە ئەوانیش داوای قەرەبوو دەکەن، ئێمەش گوتوومانە هەر کاتێک بڕیاری قەرەبووکردنەوەیان لە سەرووی خۆمانەوە درا قەرەبوویان دەکەینەوە".
 
ماڵەکانی نێو لیوا رەشەکە و جەمەلۆنەکەی کەلار 163 ماڵن، 150 ماڵیان لەنێو بینای لیوا رەشەکەدان و 13 ماڵیش لە جەمەلۆنەکەدان.
 
رۆژی 27-6-2022، بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، تایبەت بوو بە کێشەی ئەو هاونیشتمانییانەی لەو دوو شوێنەی کەلاردا دەژین. لە بەرنامەکەدا سەرۆکی شارەوانیی کەلار گوتی: "ژیانی خێزانەکان زۆر خراپە، خێزان هەیە لە 50 مەتردا دەژی و ناتوانێت خانووەکەی فراوان بکات، لەکاتی کارەساتە سرووشتییەکان ترسمان لە کارەساتی مرۆیی هەبوو رووبدات".
 
دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، رۆژی 21-10-2022، دلێر هیدایەت، نوێنەری دانیشتووانی لیوا رەشەکەی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو لەسەر کێشەکانمان، لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەیوەندیمان پێوەکرا؛ بۆیە رووداو رۆڵی سەرەکیی بینی بۆ بڕیاری پێدانی زەوی پێمان و هێنانە سەرهێڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان؛ پێنج ساڵە کار بۆ وەرگرتنی زەوی دەکەین بەقەدەر ئەو بەرنامەیەی رووداو کاریگەری نەبوو".
 
دانیشتووانی لیوا رەشەکە و جەمەلۆنەکەی کەلار لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991ـەوە لەو شوێنانە نیشتەجێبوون کە لە بنەڕەتدا شوێنی حکومین و چەندینجار داوایان کردووە قەرەبوو بکرێنەوە بۆ جێهێشتنی شوێنەکان و گوتوویانە شوێنەکانیان شیاوی ژیان نییە.