دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەڵەبجە تەواو بوون و سبەی کاژێر 10:00ی بەیانی فێستیڤاڵەکە دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تشرینی یەکەم ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "سبەی کاژێر 10:00ی بەیانی دەیەمین فێستیڤاڵی هەنار لە پارێزگای هەڵەبجە دەستپێدەکات. 600 کەپر بۆ زیاتر لە 700 جووتیار، باخەوان، خاوەن کارە دەستییەکان و بەشداربووانی دیکە ئامادە کراون. فێستیڤاڵەکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە گوتیشی، "پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ ژمارەی گەشتیار و کڕیار زیاتر بێت، چونکە ئامادەکارییەکی زۆر باشمان کردووە و کۆمەڵێک چالاکی لە فێستیڤاڵەکەشدا دەکرێن. بۆ نموونە، گفتوگۆی زانستی سەبارەت بە چۆنێتی بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی هەنار."
لە فێستیڤاڵەکەدا هەناری هەڵەبجە و هەورامان، هەنگوینی ناوچەکە، دۆشاو، مێوژ، گوێزی هەورامان، خواردنە کوردەوارییەکان، بەرهەمە کولتوورییەکان و کارە دەستییەکانی خانمان دەخرێنەڕوو.
ساڵی رابردوو نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار لە 2ی مانگی 11 دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام بوو. بەگوێرەی لیژنەی ئامادەکارییەکەی، 270 هەزار هاونیشتمانی چوونە فیستیڤاڵەکە و فرۆشی بەرهەمیش بایی زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن دینار بوو.
هەمان فێستیڤاڵ ساڵی 2022 لە 24 و 25ی مانگی 10 بەڕێوەچوو.