کەشناسی: سبەی دوای نیوەڕۆ ئەگەری بارانبارین هەیە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەگەری هەیە سبەی نمەباران لە سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان ببارێت. کەشناسێکیش باس لەوە دەکات، پێشبینی دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین دەستپێبکات و پلەی گەرما نزیکەی 8 پلە دابەزێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2024 کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "کەشوهەوای ئەمڕۆ ئاسایی دەبێت، ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور."
لەبارەی کەشوهەوای سبەی پێنجشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لەدواى نیوەڕۆ و ئێوارە لە پارێزگاى سلێمانى و بەشێک لە ئیدارەى گەرمیان ئەگەرى کەمێک نمەباران دەبێت لە هەندێک کاتدا."
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی ئەگەرى نمەباران لە گەرمیان و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی هەیە، بەڵام کورتخایەنە لەگەڵ خۆر ئاوابووندا کۆتایی دێت."
بە گوتەی ئەو کەشناسە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بە تایبەتی رۆژی یەکشەممە، شەپۆلێکی بارانبارن هەرێمی کوردستان دە گرێتەوە. گوتیشی "یەکشەممە، بارانی سەرتاسەری باش دەبارێت، بەتایبەت لە سنووری هەولێر، سلێمانی و گەرمیان، رێژەی بارین زیاتر دەبێت و هەورەبرووسکەی تووندیشی لەگەڵدا دەبێت، هەروەها مەترسیی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاوی لێ دەکرێت."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما سبەی پێنجشەممە لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 26 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 25 پلەى سیلیزى
دهۆک: 26 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 26 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 25 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 26 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 14پلەى سیلیزى
سۆران: 23 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 27 پلەى سیلیزى