کەسوکاری سمکۆ مەولوودی: دەیانەوێ کوشتنی کوڕەکەمان بخەنە ئەستۆی کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات
رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری سمکۆ مەولوودی کە هەفتەی رابردوو لە نێو شاری مهاباد بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا دەڵێن، هێزەکانی پۆلیس و پەرلەمانتاری مهاباد گوشاریان خستووەتە سەریان تاوەکو کوشتنی کوڕەکەیان بخەنە ئەستۆی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
فەرامەرز سەجیم، کوڕی پووری سمکۆ مەولوودی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جەلال مەحموودزادە، پەرلەمانتاری مهاباد پەیوەندیی بە کەسوکاری سمکۆوە کردووە و داوای لێکردوون، سکاڵا لەسەر کۆمەڵە و هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار بکەن بە تۆمەتی کوشتنی کوڕەکەیان، بەڵام کەسوکاری سمکۆ رەتیانکردووەتەوە.
فەرامەرز سەجیم دەشڵێت، ئەو شەوەی سمکۆ گیانی لەدەستداوە، پۆلیس بە باوکی راگەیاندووە، لێکۆڵینەوەیان کردووە و دەرکەوتووە، سمکۆ لەلایەن حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەوە کوژراوە، بەڵام باوکی رەتیکردووەتەوە.
پەرلەمانتارەکەی مهاباد شەوی پێنجشەممە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، سێشەممەی ئەم هەفتەیە وەزیری ناوخۆی ئێران لەبارەی رووداوەکانی مهاباد دەباتە پەرلەمان.
سمکۆ مەولوودی شەوی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ئێران لە مهاباد گیانی لەدەستدا. دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سمکۆ لە رۆژی پێنجشەممە، خەڵکی ناڕازی لە مهاباد خۆپێشاندانیان کرد و هێزەکانی ئێران جارێکی دیکە تەقەیان لە خەڵک کرد و لە ئەنجامدا پێنج هاونیشتمانیی ئەو شارە گیانیان لەدەستدا.