%95ـی شارۆچکەی بێجی وێران بووە

30-10-2016
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
رووداو
رووداو
نیشانەکردن بێجی شەڕی داعش حەشدی شەعبی
A+ A-

رووداو - بێجی 

شارۆچكه‌ی بێجی كه‌ گه‌وره‌ترین پاڵاوگه‌ نه‌وتییه‌كانی عێراقی تێدایه‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ به‌رێژهی‌ 95% خاپور بووه‌ ، هێزه‌ عێراقییه‌كان بۆ ماوه‌ی ساڵێك زیاتر شه‌ڕی داعشیان له‌و شارۆچكه‌یه‌ كرد، ئێستا بێجی بووەته‌ شوێنی باره‌گا و مه‌شقی فه‌سایله‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌وان به‌ خاپووركردنی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ تۆمه‌ت بارن و رێگاش به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی ناده‌ن.


عه‌باس یاسری فه‌رمانده‌ی لیوای عه‌لی ئه‌كبەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگه‌یاند: "بێجی لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە كۆنترۆڵ كرابوو، شه‌ڕی قورس له‌وێ روویدا ، ئه‌وان خاپووریان كردووە نه‌ك ئێمه‌ ، هه‌ر كاتێك ئه‌و كه‌سانه‌مان راده‌ست كرایه‌وه‌ كه‌ هاوكاری داعش بوونه‌ رێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی ده‌ده‌ین و ئه‌و كات داوا له‌ به‌غدا ده‌كه‌ین ، نۆژه‌نی بكاته‌وه‌ و پاڵاوگای بێجی بگهڕێته‌وه‌ دۆخی پێشووی".

به‌پێی سه‌رژمێری ساڵی 2013 ژماره‌ی دانیشتووانی بێجی 173 هه‌زار كه‌س بووه‌، سێ وێستگه‌ی كاره‌با و چوار پاڵاوگه‌ی نه‌وت و گازی هه‌بووه‌، ئێستا هه‌موویان له‌كاركه‌وتوون و هیچ خێزانێكیش له‌و شارۆچكه‌یە ناژێت و زۆرترین گله‌یش له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كرێت، كه‌ هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژیان بۆ شارۆچكه‌كه‌. 

موحسن محه‌ممه‌د قایمقامی بێجی ده‌ڵێت: "زیاتر له‌ ساڵێكه‌ شارۆچكه‌ی بێجی ئازاد كراوه‌ ، حكومه‌تی عێراق هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ، ژێرخانی ئه‌م شارۆچكه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌ك وێران بووه‌ بۆ نیشته‌جێ بوونیش ناشێت. هیوامان وایه‌ چاك بكرێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی پاڵاوگەكه‌ی كه‌ سه‌دان خێزان له‌سه‌ری ده‌ژیان".

گونده‌كانی سینیه‌ ، بعێج ، بوجواری ، حه‌جاج و زویه‌یه‌ش كه‌ دانیشتووانه‌كه‌ی سوننه‌ مه‌زهه‌ب بوون، به‌ ته‌واوه‌تی خاپووركراون و بوونه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كه‌ی سه‌ربازی قه‌دەخه‌ كراو، دانیشتووانه‌كه‌شی ئاواره‌ی پارێزگاكانی باشووری كوردستان بوونه‌ و ئه‌وانیش بۆیان نیه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە