کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی بۆ رووداو: ئاڵوگۆڕێکی باشی ئابووری لەنێوان تاران، بەغدا و هەرێمی کوردستاندا هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی رایگەیاند، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و لە سلێمانی و هەولێر هاوخەمی خۆیان بۆ "شەهیدکردن"ی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا دەربڕیوە. لەبارەی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقیش، گوتی کە ئاڵوگۆڕێکی باشی ئابووری لەنێوان تاران، بەغدا و هەرێمی کوردستان دا هەیە. 
 
محەممەد مەحموودیان، کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە دوای بەشداریکردنی لەو پرسەیەی بۆ حەسەن نەسروڵڵا لە سلێمانی دانراوە، بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "سوپاس بۆ خوا حکومەتی عێراق سێ رۆژ ماتەمینی گشتیی راگەیاندووە. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و هەولێر و پارتە ئیسلامییەکانیش هەڵوێستیان هەبووە و راگەیێندراویان دەرکردووە لەبەر ئەم کردە ئازاربەخشەی رژێمی زایۆنی بۆ شەهیدکردنی سەیدی بەرگریی سەید حەسەن نەسروڵڵا هەموو هاوخەمیان نیشانداوە."
 
رۆژی هەینی، 28-09-2024، ئیسرائیل بۆردوومانی بارەگایەکی حیزبوڵڵای لە بەیروتی پایتەخت کرد، دواتر کوژرانی حەسەن نەسروڵڵای راگەیاند، هەرچەندە حیزبوڵڵا سەرەتا هەواڵەکەی رەتکردەوە، بەڵام رۆژی دواتر کوژرانی ئەمیندارەکەی پشتڕاستکردەوە.
 
کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی دەڵێت: "هەموو جیهانی ئیسلام لە ژێر کاریگەری و ماتەمی ئەو رووداوە تاڵەیە. شەهیدکردنی پیاوێکی مەزن کە لە پێناو فەلەستین گیانی فیدا کرد. بۆ لوبنان و ئازادکردنی بەشێک لە خاکی لوبنان و ئامانجە باڵاکانی خەڵکی فەلەستین گیانفیداییەکی زۆری نیشاندا."
 
کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی رەخنەی لە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و گوتی: "بەداخەوە ئەمریکا بە پێدانی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 و بۆمبی چەند هەزارها هەزار تۆنی یارمەتی رژێمی زایۆنی دەدات و ڤێتۆی بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. بەداخەوە دەبینین کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەو تاوانە بێدەنگی هەڵبژاردووە و هەموو جیهانی ئیسلامی لە ژێر کاریگەری ئەم تاوانەیە". 
 
کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی باسی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانی کردو گوتی: "ئاڵوگۆڕێکی باشی ئابووری لەنێوان تاران، بەغدا و هەرێمی کوردستان هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی سەردانەکەی دوو هەفتە لەمەوبەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوە دەبینین کە پەیوەندییەکان بەرەو هەڵکشانە."
 
محەممەد مەحموودیان هیوای خواست ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانی، هەروەها پەیوەندی ئابووری، سیاسیی، کولتووری لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان  زیاتر پەرەبستێنێت و رۆژانە پەیوەندییەکان زیاتر گەشە بکەن، کە پێیوایە ئەمە لە بەرژەوەندیی هەر دوو لا دەبێت.