راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: زیاتر لە 19 ملیار دینار بۆ کرێی خوێندنی کەسوکاری شەهیدان خەرجکراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، بۆ بەدواداچوونی ئەو هاونیشتمانیانەی لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس و ساڵانی دواتردا بێسەروشوێنبوون، لەگەڵ لیژنەی نیشتمانیی عێراق بۆ بێسەروشوێنبووان و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوئاهەنگی دەکەن.
 
30ـی ئاب رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبووانە. نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان زۆرترین قوربانیی بێسەروشوێنبوون لەخۆ دەگرێت، لە تاوانەکانی ئەنفالکردنی گەلی کوردستان کە زیاتر لە 182 هەزار کەس دەبن تاوەکو "دەگاتە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش بەتایبەتی دژی کوردانی ئێزدی".
 
بەرپرسێک لە نووسینگەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تەنیا لە 3 ساڵی رابردووی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا 19 ملیار و 500 هەزار دینار بۆ کرێی خوێندنی کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی خەرجکراوە.
 
نووسینگەکە دەڵێت، لە ساڵانی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی پێدانی 11 هەزار و 141 پارچە زەوی بۆ کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی دەرکردووە.
 
لە هەرێمی کوردستان بۆ بەیاساییکردنی کەیسی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و بێسەروشوێنکردن، ژمارەیەک یاسا دەرکراون کە ئەمانەن:
- یاسای ونبووەکان لە هەڵمەتەکانی لەناوبردنی بە کۆمەڵی گەلی کوردستان ژمارە 03ـی ساڵی 1999
- یاسای وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ژمارە 08ـی ساڵی 2006
- یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدانی ئەنفال ژمارە 09ـی ساڵی 2007
- یاسای سندووقی پاڵپشتی و هاوکاری کەسوکاری شەهیدانی ئەنفال و قوربانیانی نەخۆشییەکانی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان ژمارە 37ـی ساڵی 2007
- یاسای ئیمتیازاتی تاقانەی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان ژمارە 09ـی ساڵی 2015