دادگایەکی ئەڵمانیا بڕیارێک لە دژی پەنابەرانی رۆژاڤای کوردستان و سووریا دەدات

رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی بڕیاری دادگایەکی باڵای ئەڵمانیا، چیدیکە کۆچبەرانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەهۆی نائارامیی وڵاتەکەیانەوە ناتوانن لەو وڵاتە مافی مانەوە و پاراستن وەربگرن.
 
دادگای باڵای کارگێڕیی ئەڵمانیا کەیسی پیاوێکی خەڵکی سووریای یەکلایی کردەوە کە داوایکردبوو بەهۆی نائارامیی سووریاوە مافی مانەوە و پاراستنی هەبێ لە ئەڵمانیا.
 
هەرچەندە حوکمی دادگاکە ئەم هەفتەیە راگەیێندراوە، بەڵام لە شەش هەفتە لەمەوپێش دەرچووە.
 
مافی مانەوە و پاراستن لە ئەڵمانیا دەدرێتە ئەوانەی داوای پەنابەرییان رەتدەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی دۆخی نائارامی وڵاتەکەیانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە و پێویستە ئەڵمانیا بیانپارێزێت.
 
پیاوە سوورییەکە مافی ئەوەی هەبووە لەو ماوەیەدا داوای تێهەڵچوونەوە بکات، بەڵام نەیکردووە و حوکمەکە بووەتە کۆتایی.
 
دادگاکە بارەگاکەی لە شاری مونستەرە، رایگەیاندووە کە هەرچەندە هێشتاش لە هەندێک شوێنی سووریا پێکدادان هەن، بەڵام پێویست ناکات دانیشتووانی سووریا لەترسی تووندوتیژی دژی کەسانی سیڤیل وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن.