قایمقامی رواندز: قۆناخی دووەمی پرۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای رواندز رایدەگەیێنێت، سەرەڕای قەیرانی دارایی؛ لە ساڵی رابردوودا توانیویانە چەند پرۆژەیەکی گرنگ لە کەرتی رێگەوبان و ئاو لە سنووری قەزاکەیان جێبەجێ بکەن. دەشڵێت، نزیکەی 70 هاونیشتمانی مۆڵەتیان پێدراوە بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەویی سندووقی.
 
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، باسی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزاکەیانی کرد و گوتی: "سەرەڕای قەیرانی دارایی؛ هەوڵمانداوە بەگوێرەی ئەو توانا، پرۆژە خزمەتگوزاری و ژیارییەکانی وەکو رێگەوبان، ئاو و کارەبا جێبەجێ بکرێن."
 
گوتیشی: یەکێک لەو سێکتەرانەی گرنگی باشمان پێداون پرۆژەکانی ئاو بوون، چونکە گرفتێکی زۆرمان هەبوون و لە چەند ناوچەیەک بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرا، ئەو پرۆژانەش، نۆژەنکردنەوەی بەشی زۆری تۆڕی ئاوی قەزای رواندز، قۆناخی یەکەمی پرۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان تەواوکراوە و ئێستا سەرقاڵی ئەوەین قۆناخی دووەم دەستپێبکات، هەروەها گوندی خانەقا کێشەی ئاوی هەیە و ئێستا رەزامەندی دراوە بۆ پرۆژەی ئاوی گوندەکە.
 
قایمقامی رواندز ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی کۆنبوونی ترومپاکانی پرۆژەی ئاوی بێخاڵ، رەزامەندیی لەسەر گۆڕینیان دراوە کە پێنج ترومپایە و بە گوژمەی ملیارێک و 200 ملیۆن دینار دەگۆڕدرێن، پرۆژەی ئاوی (مێگر)یش بە گوژمەی 350 ملیۆن دینار نۆژەنکراوەتەوە.
 
ئەحمەد قادر ئاماژەی بەوەکرد، رێگە سەرەکییەکان و رێگەی گوندەکان و رێگە ناوخۆییەکانیش بەردەوام کاریان تێدا کراوە.
 
قەزای رواندز یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و شەش ناوچە و شوێنی گەشتیاری و هاوینەهەواری هەن، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، ئێستا حکومەت سەرقاڵی رێکخستنەوە و دانانی ماستەرپلانی گەشتیارییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و لەدوای ئەو ماستەرپلانە چاوەڕوانین گرنگی زیاتر بە قەزای رواندز و شوێنە گەشتیارییەکانی بدرێت، وەکو؛ بێخاڵ و جوندیان، گەلی ئاکۆیان و خەرەندی رواندز و ناحیەی وەرتێ.
 
لەبارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران، ئاماژەی بەوەکرد، شارەوانی رواندز ئێستا سەرقاڵی ئامادەکاری و جێبەجێکردنی ئەو رێکارە پێویستانەیە بۆ دابینکردنی زەوی بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران.
 
گوتیشی، تائێستا بەگوێرەی رێنماییەکان نزیکەی 70 هاونیشتمانی مۆڵەتیان پێدراوە بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی سندووقی و ئەوانی دیکەش لەقۆناخی هەڵسەنگاندان.