کۆنترین تەمەنی هاوژینیی لە گینس تۆمار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 80 ساڵە پێکەوە دەژین. یەکەمجار لە ساڵی 1941 لە کەنیسەیەکی وڵاتی ئیکوادۆر پەیمانیان دا تاوەکو کۆتایی تەمەن پێکەوە بن و بەڵێنەکەشیان بردووەتەسەر.
عەشق و خۆشەویستیی خولیو مۆرا و والدرامینا کووینترووس، ئەگەرچی بە نهێنی دەستیپێکرد بەڵام ئێستا هەموو جیهان دەیانناسن.
خولیو لەدایکبووی ساڵی 1910 ـەیە و والدرامینای هاوژینی لە ساڵی 1915 لەدایکبووە. ئەوان بەهۆی ئەوەی مامۆستا بوون لە رێگەی هاوژینی خوشکی والدرامینا بۆ یەکەمجار لەساڵی 1934 یەکدی دەبینن و چیرۆکی خۆشەویستییان دەستپێدەکات.
خێزانی هەردوولا دژی هاوسەرگیرییان بوون، بەڵام ئەوان سوور دەبن لەسەر گرێدانی خۆشەویستییەکەیان ، لەساڵی 1941 دوور لەچاوی خێزانەکانیان و بە نهێنی هاوسەرگیریی دەکەن و دەستپێکی ژیانێکی دوور و درێژ بنیات دەنێن.
ئێستا تەمەنی خولیۆ 110 ساڵ و تەمەنی والدرامینا 104 ساڵە، ئەوان 5 منداڵیان هەیە، 11 نەوەیان هەیە، 21 نەتیجە و نەتیجەکانیشیان 9 منداڵیان هەیە.
زۆربوونی تەمەنیان و هەروەها ماوەی هاوسەرگیرییەکەیان وایکرد، یەکێک لە نەوەکانیان بیر لەوە بکاتەوە بەڵگەنامەی ژیان و تەمەنی باپیر و داپیری بۆ گینس بنێرێت بە ئومێدی ئەوەی وەک کۆنترین هاوسەرگیریی ناویان بچێتە نێو کتێبی گینس و هەرواش بوو.
ناویان وەک کۆنترین هاوژین کە لە ژیاندا مابن بە تەمەنی کۆکراوەی 214 ساڵ و 358 رۆژ لە کتێبی گینس تۆمار کرا.
خولیو و والدرامینا مامۆستای خانەنشینن و لە شاری کویتۆی پایتەختی وڵاتی ئیکوادۆر دادەنیشن. بەگوتەی یەکێک لە کچەکانیان، ئێستاش تامەزرۆی ئەوەن پێکەوە بچنە سینەما یان بینەری شانۆ بن.