بوومەلەرزەیەک روویدا و لە گەرمیان و هەڵەبجە هەستی پێکرا
رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک روویدا و لە بەشێکی سنووری ئیدارەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە هەستی پێکرا.
لە گەرمیان بوومەلەرزەکە کاژێر 10:46 و لە هەڵەبجە 11:43ی شەوی سێشەممە روویدا. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، گوڕی بوومەلەرزەکە لە گەرمیان 4.3 پلەی رێختەر بووە بە قووڵایی 8 کیلۆمەتر.
بە گوتەی محەممەد کەمال، چەقی بوومەلەرزەکە نێوان قەزای کەلار و ناحیەی رزگاری بووە.
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی گوتیشی، جگە لە کەلار، لە قەزای کفری و ناحیەی رزگاریش لە ئیدارەی گەرمیان هەست بە بوومەلەرزەکە کراوە.
بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بەشێکی هاونیشتمانیان لە گەرمیان لە ماڵەکانیان چوونە دەرەوە. سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە گوتی، بوومەلەرزەکەی هەڵەبجە بەهێز بووە، بەڵام ماوەکەی زۆر کورت بووە.
روودانی ئەو بوومەلەرزانە لە کاتێکدایە، رۆژی 30ی حوزەیرانیش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.6 پلەی رێختەر لە ناوچەی زەهاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا و بەهۆی نزیکیی سنوورەکەوە لە ئیدارەی گەرمیان، زۆرینەی هاونشتیمانیانی كەلار هەستیان پێکرد.