رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، کێشە لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی شارستانی و سەربازی نەماوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر جێبەجێکردنی داواکانی خەڵکی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی سنوورەکە داوە.
شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوان سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکەش سەرۆکی دیوان و پارێزگاری سلێمانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ئەنجامدا.
هەڤاڵ ئەبوبەکر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، سەردانی شاندی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ سلێمانی لە ئەنجامی سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی و هەڵەبجە بووە لە 30ـی حوزەیراندا.
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لە کۆبوونەکاندا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە چەند داوایەکی ئاراستە کران، ئێستا "کۆی ئەو داواکاریانە لە رووی کردەییەوە جێبەجێکراون."
ئومێد سەباح: ئەو داوایانەی لە سلێمانی لە سەرۆکوەزیران کران جێبەجێ دەکرێن
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "سەردانەکەمان لەسەر داوای جەنابی کاک مەسرور، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە کاتێک هاتووە بۆ ئێرە لەگەڵ هەردوو پارێزگار کۆبووەتەوە و داواکاری ئیدارە سەربەخۆکانیشی وەرگرتووە، دواتر لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە نزیکەی 30 رۆژە ئێمەی راسپارد و ئێستا بە واژۆوە بڕیارەکانمان رادەست کردوون".
ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕیارانەی داویانن لەسەر ئاستی کارگێڕی و پێدانی دەسەڵاتە بە پارێزگاکان؛ لەبارەی پرۆژەکانیشەوە گوتی، "لەسەر پرۆژە وەستاوەکانی ناوچەکە گفتوگۆکراوە و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە دراوە."
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی، بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە 219 دراوە کە داهاتی هەموو هەرێمی کوردستان بە رێکوپێکی یەکبخرێت تاوەکو لە داهاتوودا یاسای بودجە لە هەرێمی کوردستان دەردەچێت.
ئومێد سەباح: هیچ رێگرییەک لە پێدانی مووچەی سەربازییدا نەماوە
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لە پێدانی مووچە کرد و گوتی، مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی تێبینی لەسەر نەماوە و بەغدا بێ کێشە دەینێرێت.
لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانیشەوە ئومێد سەباح گوتی، بەغدا داوای ناوەکانی کردبوو، دواتر دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە هەرێمی کوردستان ناوەکانی رادەستکرا و وردبینییان تێدا کرد و راپۆرتیان لەسەر نووسی و تێبینیی خۆیان تۆمار کرد، بەڵام "هەر تێبینییەک لەنێو راپۆرتەکەدا هەبێت هیچی نابێتە رێگر لە دابینکردنی مووچەی سەربازی."
ئومێد سەباح باسی لە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە عێراق کرد و گوتی، بۆ مووچەی مانگی حەوت ناوی خانەنشینانیان بە هاوتاکراوی دراوەتە بەغدا، بەڵام نازانن بۆ ئەم مانگە مووچەکە بە هاوتاکراوی دەنێردێت یان نا؛ گوتیشی، "حکومەتی عێراق بڕیاریداوە پارە بۆ هاوتاکردنەکە خەرج بکات."
ئومێد سەباح باسی لە تەواوبوونی شەقامی 100 مەتری سلێمانی کرد و گوتی، 70%ـی شەقامەکە تەواو بووە و تاوەکو کۆتاییهاتنی کارەکانی ئەم کابینەیە تەواو دەکرێت.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر داوای پارێزگاری سلێمانی، کارمەند و پێداویستی بۆ شێڵتەری بەخێوکردنی سەگ لە سلێمانی و گەرمیان دابین دەکرێت و بڕیاریان لەبارەیەوە داوە.
ئومێد سەباح: دەروازەی سازان لە هەڵەبجە دەکرێتە فەرمی
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە فەرمانێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، نووسراویان بۆ بەغدا کردووە و داوایان کردووە دەروازەی سنووریی سازان لە هەڵەبجە بە فەرمی بناسرێت؛ گوتیشی، "لای ئێمە دەروازەکە بە فەرمی ناسێندرا."
هەر پەیوەست بە هەڵەبجەوە ئومێد سەباح گوتی، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگیان کردووەتەوە؛ گوتیشی، لەمەودوا 20%ـی داهاتی دەروازەکانی هەڵەبجە بۆ پارێزگاکە خەرج دەکرێتەوە.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لە پرۆژەکانی حکومەت بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکەی لە کابینەی نۆی حکومەت کرد و گوتی، 3 هەزار و 362 پرۆژە بڕیاریان لەسەر دراوە بە گوژمەی 13 ترلیۆن دینار جێبەجێ بکرێن، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نزیکەی 3 ترلیۆن دینار خەرج کراوە.
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا پارێزگاری سلێمانی باسی لە دۆخی ئەمنیی سنوورەکە کرد و گوتی، ئەوانەی روویان داوە "هەڵوێستی تاکە کەسین و هیچ دامەزراوەیەکی حیزبی تۆمەتبارەکانی رانەسپاردووە."