کوڕەکەی عەتا سەراوی: باوکم ئازاد نەکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەنگۆی ئازادبوونی عەتا سەراوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، بەڵام کوڕەکەی رەتی دەکاتەوە.
 
پێشڕەو عەتا سەراوی، کوڕی عەتا سەراوی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر دەنگۆیەک تایبەت بە ئازادبوونی باوکم رەتدەکەینەوە. باوکم ئازاد نەکراوە."
 
کاژێر 04:00ی بەیانیی رۆژی 05-07-2024 عەتا سەراوی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کرا. ئەو کاتە کوڕەکەی بە رووداوی گوت، بە پاساوی کێشە لە پاسپۆرتەکەی و بوونی سکاڵایەک دەستگیر کراوە.
 
هەر ئەو کات سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت، دەستگیر کردنی عەتا سەراوی پەیوەندیی بە تەقینەوەکەی سەرچنارەوە هەیە و بە مادەی "تیرۆر" دەستگیر کراوە.
 
ئەو بەرپرسەی هێزە ئەمنییەکان گوتی، "ئەو کەسەی دەستگیر کراوە تۆمەتبارە بە مادەی 2 لە یاسای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر؛ هەروەها سکاڵایەکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانیی لەسەرە."
 
رۆژی 19ی نیسانی ئەم ساڵ، ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی تەقییەوە کە دواتر دەرکەوت ئۆتۆمبێلەکەی عەتا سەراوی بووە. بەرپرسە ئەمنییەکەی سلێمانی گوتی، "سکاڵای تیرۆر دژی عەتا سەراوی بەهۆی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بووە و خۆی سیناریۆی تەقینەوەکەی داڕشتووە و ئەوەش هۆکاری دەستگیر کردنیەتی."