مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدان
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و فازڵ میرانی لە سلێمانی دەستیپێکرد. بڕیارە چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە باشووری کوردستان تاوتوێ بکەن، لەنێویاندا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
کۆبوونەوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە 30ـی تەمموز) لە دەباشان لە سلێمانی دەستیپێکرد. شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، شاڵاو عەلی عەسکەری و شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتییە. شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی سەرۆکایەتی دەکات و هەریەکە لە هۆشیار زێباری، مەحموود محەممەد، رێبوار یەڵدا، پشتیوان سادق و عەلی حوسێن، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی تێیدا بەشدارن.
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە شوێنی کۆبوونەوەکەوە دەڵێت، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام هەردوو شاند چەند بابەتێکی دیکەش باس دەکەن، وەکو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە لە 18-12-2023 لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەکەیاندا تیشک دەخەنە سەر پەیوەندییەکانی نێوانیشیان؛ هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکەن.
یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەی پارتی ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی راگەیاند، دوای کۆبوونەوەکە مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی بۆ رۆژنامەڤانان قسە دەکات و وردەکاریی زیاتر لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رادەگەیێنێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، رۆژی 9-7-2023 شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو.
درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنچینەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە کۆتایی مانگی ئایار هەڵوەشایەوە و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش هەوڵەکانی چڕکردوونەتەوە بە مەبەستی دیاریکردنی رۆژێک بۆ هەڵبژاردن.