لە رووداوێکی هاتووچۆدا دوو هاوژین گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی شارەزوور - هەڵەبجە دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ شەممە 30-70-2022 کاژێر 20:30 خولەکی بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لەسەر رێگەی نێوان شارەزوور - سەیدسادق دوو هاوژینی تەمەن 57 ساڵ و 55 ساڵ گیانیان لەدەستدا.
عیرفان عەلی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تیمەکانمان ئاگادارکراونەتەوە بۆ گواستنەوە دوو تەرم کە لەو رووداوە گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکان گەیێندراونەتە پەیمانگەی دادپزیشکی سلێمانی".
عیرفان عەلی ئاماژەی بەوەدا، "ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی هەڵەبجەی تازەن و هاوژینی یەکدین، پیاوەکە ناوی لەتیف قادرە و تەمەنی 57 ساڵە و هاوژینەکەی ناوی چیمەن ئەحمەدە و تەمەنی 56 ساڵە".
لەبارەی رووداوەکەش بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاندووە: "رووداوەکە لەسەر رێگەی سەیدسادق بۆ قەزای شارەزوور بووە لە نزیك تەپی کەرەم لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل کە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان خۆی کێشاوە بە بارهەڵگرێکدا کە شووتی بارکردووە و دوای رووداوەکەش شۆفێری بارهەڵگرەکە دەستگیرکراوە".
هەر ئەمڕۆ لە رووداوێکی دیکەی هاتووچۆدا نزیک کاژێر 6ـی ئێوارە، ئۆتۆمبێلێک لە کچێکی تەمەن 6 ساڵانی دا و دواتر گیانی لەدەستدا.