کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: ئەوانەی کێشەی پەنجەمۆریان هەبووە دەتوانن سەردانمان بکەن


رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوو رێکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نوێ کردەوە، یەکێکیان چارەسەرکردنی کێشەی پەنجەمۆری بەشێکی هاونیشتمانییانە، ئەوی دیکەش کردنەوەی لینکە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی بوونە فەرمانبەر لەسەر سندووقەکانی دەنگدان.
 
پێشتر کۆمیسیۆن لە 30ـی مانگی ئایار بۆ 02ـی ئەم مانگەی دیاریکردبوو بۆ ئەو کەسانە کێشەی پەنجەمۆریان هەیە تاوەکو بۆیان چارەسەر بکەن. دوای دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن وادەیەکی دیکەی بۆ چارەسەرکرنی کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر دیاری کردووە.
 
مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی گوت، دوای ئەوەی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کاتێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دووبارە چاوپێداخشانەوە بە خشتەی کارەکانیدا دەکاتەوە.
 
مەروان محەممەد گوتی، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕگەیەکی پەسند کردووە، کە دووبارە وەرگرتنەوەی پەنجەمۆری ئەو کەسانەیە کارتی بایۆمەتریان هەیە، بەڵام کێشەی پەنجەمۆریان هەبووە.
 
لە 01ـی تەمموزەوە بۆ 10ـی تەمموز، لە سنووری پارێزگای هەولێر 53 بنکە کراوە دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو هاونیشتمانییانەی کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەبووە.
 
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن هەڵبژاردنەکان گوتی، بڕگەیەکی دیکە پەسند کرا، ئەویش ئەوەیە، ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا وەکو فەرمانبەری سەر سندووقی دەنگدان بەشداربن، دەتوانن لە 04ـی تەممووزەوە بۆ 23ـی هەمان مانگ لە رێگەی ئەو لینکەوە فۆرم پڕبکەنەوە کە پێشتر کارابووە.
 
26-06-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.