د. عەلی تەتەر: هەموو مامەڵەکردنێک بە چەک سنووردار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دهۆک رایدەگەیێنێت، لەمڕۆوە مەفرەزە هاوبەشەکان دەست بە چالاکییەکانیان دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و گوتی، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتە بەر کە چەکی بێ مۆڵەت بەکار دەهێنن، باسی لەوەش کرد، هەموو مامەڵەکردنێک بە چەک سنووردار دەکرێت.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەبارەی کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت لە سنوورەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، لەمڕۆوە بۆ ئەو بابەتە مەفرەزە هاوبەشەکانیان دەست بە چالاکی خۆیان دەکەن، هەر کەسێک کە مۆڵەتی نەبێت یان سەر بە دەزگایەکی ئەمنی نەبێت و چەکی هەڵگرتبێت، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، داواشی لە خەڵک کرد کە ئەگەر چەکی بێ مۆڵەتیان هەیە، یان رادەستی بکەن یان مۆڵەتی بۆ وەربگرن.
لەماوەی هەفتەی رابردوودا شەش کەس لە هەرێمی کوردستان بە چەک کوژراون. کوژراوەکان چواریان لە هەولێر، یەکێکیان لە سنووری دهۆک و یەکێکیشیان لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-06-2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی کۆنترۆڵکردنی چەکی بێمۆڵەت رایگەیاند، داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە شوێنەکانی چەکفرۆشتن دابخرێن، گوتیشی، "ئێمە ئاسایشی خەڵک و وڵاتی خۆمان ناکەینە قوربانیی خراپکاران و قاچاخچییان و هەلپەرستان. داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم، چەکی بێ مۆڵەت رادەستی حکومەت بکەن و خۆیان بەشداربن لە پرۆسەی پاککردنەوەی کوردستان لە چەکی بێ مۆڵەت. دواتر بەپێی یاسا، بابەتی مامەڵەکردن بە چەک رێک دەخرێتەوە."
دوای گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان. رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە هیچ کەسێک قبووڵناکرێت سەرپێچی بکات و چەکی بێ مۆڵەتی پێبێت، ئەگەر هەر پلە و پۆستێکیشی هەبێت."
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "لە دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران، گفتوگۆمان لەگەڵ پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان کرد. بڕیارماندا هەموو ئەو شوێنانەی کە مۆڵەتی چەکفرۆشتنیان هەیە و ئەوانەیشی کە مۆڵەتیان نییە، بە زوویی دابخرێن."