سەرۆک و چەند بەرپرسێکی شارەوانیی مەریوان بەتۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کران

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانی و ژمارەیەک بەڕێوەبەری شارەوانیی مەریوان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کران.
 
حوسێن حوسێنی، بەڕێوەبەری دادی پارێزگای سنە رایگەیاند، هێزەکانی ئیتلاعات بە بڕیاری بەرپرسانی دادوەری، بەیانی رۆژی سێشەممە 30-05-2023 عیرفان حوسێنی، سەرۆکی شارەوانی مەریوان و ژمارەیەک بەڕێوەبەری شارەوانییان دەستبەسەر کردووە.
 
حوسێنی دەڵێت، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون، ئەو کەسانە لەبەرامبەر وەرگرتنی پارە، چاوپۆشییان لە دروستکردنی بینا و باڵەخانەی نایاسایی لەنێو شاردا کردووە، هەروەها رێگەیان داوە، شێوازی کەڵکوەرگرتن لە هەندێک زەویی قەراخ شار لە کشتوکاڵییەوە بکرێتە نیشتەجێبوون.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری دادی پارێزگای سنە، سەرۆکی شارەوانی و بەرپرسانی دیکەی دەستبەسەرکراوی ئەو شارە، چەندین سەرپێچی و کاری نایاسایی دیکەشیان کردووە و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، دۆسێکەیان رەوانەی دادگە دەکرێت.