پارێزگاری هەولێر: فرۆشتنی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک بۆ خزمەتگوزاری دەستیپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ  

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەمزووانە خزمەتگوزاری دەگەیێننە زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک و گوتیشی، "بۆ ئەوەی بودجەی بەردەستمان هەبێ، دەستمان بە فرۆشتنی زەوییە گرانبەهاکانی گەڕەکەکە کردووە." 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی ئایاری 2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: حکومەت دەستی بە فرۆشتنی ئەو زەوییانەی هەشتی حەسارۆک کردووە کە موڵکی میرین، بۆ ئەوەی بەو پارەیە خزمەتگوزاری بگەیێنێتە گەڕەکەکە و بڕیاریشە بەمزووانە دابینکردن و دەستپێکردنی پرۆژە خزمەتگوازییەکان جێبەجێ بکرێن.
 
ئومێد خۆشناو گوتی، "ئێستا دەست بە بیرلێدان کراوە و سەرۆکوەزیران وەزارەتی شارەوانی و پارێزگای هەولێری راسپاردووە بۆ تەواوکردنی خزمەتگوزارییەکان." 
 
لەبارەی رێپێدانیش بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەکان گوتی، "بەردەوامە و خاوەنی هەر زەوییەک بیەوێ رێپێدان وەربگرێت، مامەڵەکەی بە ئاسانی رایی دەکرێت." 
 
رۆژی 18-5-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێنراوێکدا ئاشکرایکرد، "بۆ خێراگەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر هەڵدەستێت بە فرۆشتنی چەند پارچە زەوییەک. رێککەوتی 29ـی ئایار كاژێر 12ـی نیوەڕۆ لە سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر بە رێگەی زیادكردنی ئاشكرا فرۆشتنی ئەو زەوییانە رادەگەیێندرێت."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: بەپێی ئاگادارییەكی  لیژنەی یەكەمی فرۆشتن و بەكرێدانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كە لە رێكکەوتی 26ـی نیسانی 2022 بڵاوكراوەتەوە، ئەو پارچە زەوییانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێكراوە، بە رێگەی زیادكردنی ئاشكرا و بەپێی یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2021  هەر كەسێک ئارەزووی بەشداریكردنی هەیە سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بكات بۆ دانانی بارمتەی یاسایی بەڕێژەی 50% كەمتر نەبێت لە نرخی خەمڵێنراو. زیادكردنەكە لە 30 رۆژی دوای بڵاوكردنەوەی ئەم ئاگەدارییە لە رۆژنامە لە كاژێر 12ـی نیوەڕۆ دەست پێدەكات. 
 
ژمارەی زەوییەكان و رووبەرەکانیان:
 
1- 11561 /8ک 93حەسارۆک/ زەوی بازرگانی/ رووبەر: 3672 مەتر دووجا.
 
2- 11834 /8ک 93حەسارۆک/ زەوی بازرگانی/ رووبەر: 4752 مەتر دووجا.
 
بەپێی نووسراوی ژمارە (1257) کە رۆژی 18-05-2022 بڵاوکراوەتەوە و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە، تێیدا هاتووە: لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی دیوان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ پارچە زەوییەکانی 8ـی حەسارۆک، پێشنیازەکانی وەزارەتی شارەوانیان پەسند کردووە.
 
هەر لە نووسراوەکە داوا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراوە، بەزووترین کات کاری پێویست بکرێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکی هەشتی حەسارۆک.
 
زەوییەكانی هەشتی حەسارۆک كە نزیكەی 16 هەزار پارچە زەوی دەبن، ‏لە بەشی رۆژهەڵاتی هەولێر‌ و لە نزیک رێگەی كەسنەزانە، ماوەی چەند ساڵێکە دابەشکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا خزمەتگوزارییان بۆ دابیننەکراوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی ئۆکتۆبەری 2022 رەزامەندی دا بە خەرجکردنی بڕی 371 ملیۆن دینار بۆ دانانی دیزاینی ئاو و ئاوەڕۆکانی گەڕەکی 8ـی حەسارۆک.